Skip to the content

بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى زانستى و ئەکادیمى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبۆوە

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، گفتوگۆ لەبارەى چەند پرسێکى ئەکادیمى و زانستى دەکات، بەلەبەرچاوگرتنى دۆخى سیاسى و دارایى و جێبەجێ کردنى یاسا و رێنماییەکان بڕیارى پێویستیان لەبارەوە دەرکردن.

ئەمڕۆ یەک شەممە ڕێکەوتى (٣/٩/٢٠٢٣) بەسەرپەرشتى(حەمەى حەمە سعید) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە وەکالەت و بە ئامادەبونى بریکارى وەزارەت و سەرۆک زانکۆکانى کوردستان،کۆبونەوەى ژمارە سێى ساڵی (٢٠٢٣)ی ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى زانستى و ئەکادیمى بەڕێوەچو.

کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەچەند ساتێک بێدەنگى وەستان بۆ گیانى پاکى شەهیدانى کوردستان بەتایبەت شەهیدانى دوێنێ شارى کەرکوک دەستى پێکرد.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا (حەمەى حەمە سعید) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە وەکالەت لەمیانەى پێشکەش کردنى وتەیەکدا ڕایگەیاند: ئەم کۆبوونەیە لەبارودۆخێکدا دەبەستین کە هەرێمى کوردستان چەندین کێشەى دارایى و سیاسى هەیە ئەو کێشانەش کاریگەرى لەسەر کارەکانى وەزارەتەکان و کەرتە جیاوازەکانى ئیدارى و سیاسى هەرێم هەیە، بۆیە پێویستە بە لەبەرچاو گرتنى ئەو دۆخە تایبەتە بڕیارەکان لەخزمەت کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان لەچوارچێوەى بنەما زانستى و یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکاندا خۆى ببینێتەوە.

(حەمەى حەمە سعید) وتیشى: ئەم کۆبوونەیە بەوپەڕى هەستکردن بە لێپرسراویەتی جێبەجێ کردنى ئەرکەکان دەبێت، پێویستە بڕیارەکان بەدروستى لەسەر بنەمایەکى وردى زانستى بدرێت بەتایبەت ئەو داواکارى و بڕگانەى لە کارنامەى کۆبوونەوەکە خراونەتەڕو.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا لەبارەى پرسەکانى دڵنیایى جۆرى و کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و کێشەکانى قوتابیان /خوێندکاران و تەوەرى کارگێڕى و داراییەکان، ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى گفتوگۆى ورد و زانستیانە بڕیارى پێویستیان لەبارەى بڕگەکانى کۆبوونەوەدا.
لەبەشى کۆتایى کۆبونەوەکەى ئەنجومەنى وەزارەت ڕێنماییەکانى وەرگرتن بۆ خوێندنى ئەمساڵ گفتوگۆی لەبارەوە کراو پەسەندکرا.