Skip to the content

زانکۆى ڕاپەڕین لەگەڵ زانکۆى کینت لە ئەمەریکا پرۆژەیەکى گرنگ لە بوارى خوێندنى باڵا جێبەجێ دەکەن

بە ئامانجى بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى هەرێمى کوردستان و لە چوارچێوەى پلانى ستراتیژیى وەزارەت؛ بە چاودێریى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیاییى جۆریی زانکۆى ڕاپەڕین، لەگەڵ زانکۆى کینت (Kent State University) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پرۆژەیەکى گرنگ لە بوارى خوێندنى باڵا جێبەجێ دەکەن.
ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتى ١٩ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، بە سەرپەرشتى و ئامادەبوونى د. محەمەد حوسێن، سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیاییی جۆرى، ناوەرۆکى پرۆژەکە بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن ئاشکرا کرا، بۆ ئەو مەبەستە د. ژاڵە سەعید، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان گوتى: "یەکێک لەو کارانەى کە بە دەسکەوتێکى گرنگ بۆ خوێندنى باڵا هەژمار دەکرێ، بریتییە لە دەستپێشخەرییەکى زانکۆى ڕاپەڕین لەگەڵ زانکۆى کینت، بە پێى ئەو دەستپێشخەرییە هەردوو زانکۆ ڕێک کەوتوون بۆ دابینکردنى ژمارەیەک کورسیى خوێندنى دکتۆرا لە بوارى زمان و ئەدەبى ئینگلیزى بۆ خوازیارانى خوێندنى باڵا لە زانکۆى ڕاپەڕین بە شێوەیەى پایلۆت." گوتیشى: "دواى هەڵسەنگاندنى پرۆسەکە، هەوڵ دەدەین لە زانکۆکانى دیکە و لە بوارى دیکەش پرۆژەکە جێبەجێ بکەین."
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، د.پەیمان ڕەمەزان، سەرۆکى زانکۆى ڕاپەڕین گوتى: "بەنێودەوڵەتیکردنى زانکۆکەمان یەکێک بووە لە ئەرکە لەپێشینەکانمان، ئەم پرۆژەیەش دواى نزیکەى ساڵێک کارى بەردەوام و گفتوگۆکردن بەدی هاتووە، بۆ ئەوەش سوپاسى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ستافى وەزارەت و زانکۆى ڕاپەڕینیان کرد کە توانیان پرۆژەکە لەگەڵ ڕێنمایی و یاسا کارپێکراوەکانى هەرێمى کوردستان بگونجێنن و ئامانجەکانیان بەدى بهێنن، ئاشکراشی کرد کارى داهاتوویان کارکردنە لەسەر دوو پرۆژەى دیکەى گرنگ."
لە کۆتاییی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، د.جەمال عەلى عومەر، بەڕێوەبەرى گشتىی سەنتەرى توێژینەوە لە زانکۆى ڕاپەڕین وردەکاریى پرۆژەکەى بۆ میدیاکاران ئاشکرا کرد و گوتى: "پرۆژەکە وەک قۆناغى یەکەم تەنیا بۆ بوارى زمان و ئەدەبى ئینگلیزییە و تایبەتە بە زانکۆى ڕاپەڕین، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕۆژانى داهاتوودا لیژنەیەکى باڵا پێک دێ بۆ دیاریکردنى کاندیداکان بە پێى مەرج و ڕێنماییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و مەرجەکانى زانکۆى کینت (Kent State University) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ڕوونیشی کردەوە خوێندنەکە تەنیا بۆ دکتۆرایە و ماوەى خوێندن سێ بۆ چوار ساڵ دەبێت و کاندیدەکان کۆرسێکى خوێندنیان لە زانکۆى ڕاپەڕین دەبێت و کورسێکى دیکەشیان لە زانکۆى کینت (Kent State University) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا دەبێت، پاشانیش پرۆپۆزەڵ ئامادە دەکەن و سەرپەرشتیار لە هەردوو زانکۆ بۆ یەک یەکەى کاندیدەکان دیارى دەکرێ، بۆ نووسینەوەى پرۆپۆزەڵەکان."