Skip to the content

سیستەمی زانکۆلاین بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى کارا کرا

سیستەمی زانکۆلاین بۆ پێشکەشکردنی قوتابیانی دوانزەى ئامادەیی بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان کارا کرا. بۆ ئەو مەبەستەش قوتابیان دەتوانن لە ڕێگەى لینکی (www.regayzanko.com) تا ڕۆژى ١٢ ی ئەیلول٢٠٢٣، واتە بۆ ماوەى هەشت ڕۆژ، زانکۆلاین پڕ بکەنەوە.
لە هەمان کاتدا ده‌رچووان لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشكه‌شی بكه‌ن، هاوکات ده‌بێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و تێپەڕەوشە (Username) و (Password).
بۆ به‌رچاوڕوونیی زیاترى ده‌رچووانی پۆلی دوانزه‌ و ئاشنابوونیان به‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران)، دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە، وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکاریى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن به ‌سیستمه‌ جیاوازه‌كانییەوە.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاندووە: "وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن، بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى. بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین، دەست بە پێشکەشکردن بکەن و کارەکانیان بۆ کۆتاڕۆژەکانی زانکۆلاین دوا نەخەن."