Skip to the content

د. ئارام محمد: لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا بەشێکی زۆری نەخۆشیيە ڤایرۆسیيە نوێیەکان لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گوازراونه‌ته‌وه‌

ڕۆژى دووشەممە ‏٢٩ی نیسانی ٢٠٢٤، لە هۆڵى کۆبو,نەوەکانى هۆتێل ڕۆتانا کۆنفرانسى (Kurdistan One Health Conference-2024) دەستى پێ کرد، و د. ئامانج سەعید، ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا، گوتارى ليژنەى زانستى و ئامادەکاريى کۆنفرانسى پێشکەش کرد، لە گوتارەکەیدا دواى بە گرنگیيەوە باسى لەو ئاڵنگاریيانە کرد کە ڕووبەڕووى مرۆڤایەتى دەبنەوە، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند "تەنها ئاگاداربوون لە دۆخى تەندروستيى مرۆڤ، مرۆڤایەتى ناگەيه‌نێتە کەنارى ئارام، بەڵکو تەندروستيى باش پرۆسەیەکى هەمەلایەنەیە و پەیوەندى بە هەموو ئەو زیندەوه‌ر و ژینگەیە هەیە، کە مرۆڤى تێدا دەژى، بۆیە بڵاوبوونەوەى میکرۆب و پیسبوونی ژینگە، گۆڕانی کەشوهەوا و لەدەستدانی شوێنی نیشتەجێبونی مرۆڤایەتى، ئەو ئاڵنگاریيانەن ڕووبەڕووى مرۆڤایەتى دەبنەوە." 

لە کۆتایيشدا د. ئامانج سەعید، بە ناوى ليژنەى کۆنفرانس، سوپاسی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزیری تەندروستی کرد، لە هەمان کاتدا سوپاسى سەرجەم وەزارەتەکانى کرد، کە هەماهەنگ و هاوکاریان بوون بۆ سەرخستنى کارەکانى کۆنفرانس، هەروەک سوپاسى تایبەتى وەزارەتى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمه‌ریکاى کرد بۆ سپۆنسەر و پاڵپشتیکردنى کۆنفرانسەکە، گوتیشى: هیوادارم ئەم بۆنەیە تەنها کۆنفرانسێک نەبێت، بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ کارکردن و بەهێزکردنی کارى هاوبەش و داڕشتنى ستراتیژێکى یەکلاکەرەوە و کاریگەر لەپێناو بونیادنانی داهاتوویەکی تەندروستتر بۆ هەمووان.

لە بەشێکى دیکەى کۆنفرانسەکەدا، د. ئارام محمد قادر گوتارێکى پێشکەش کرد و خۆشحاڵيى خۆى بەئامادەبوونى لە کۆنفرانسێکى زانستى دەربڕى، کە تایبەتە بە گفتوگۆکردن له‌بارەی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنى کۆنسێپتى (یەک تەندروستى)، بۆ ئەوەش دەستخۆشى لە ڕێکخەران و هاوبەشەکان و سپۆنسەرەکان کرد، بە تایبەت وەزارەتى دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا، کە ئەرکی هاوکاریکردن و ڕێنوێنیکردن و دەستەبەرکردنى لایەنى دارایيى کۆنفرانسەکەیان گرتە ئەستۆ.

لەبارەى کۆنفرانسەکەوە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى "لەم کۆنفرانسەدا دەمانەوێت بە دید و ستراتیژێکی نوێ خۆمان بۆ ئاڵنگاریيەکانى نەخۆشییە گوازراوەکان ئامادە بکەین، هه‌روه‌ها ئاشکرای کرد کە بۆ یەکەم جارە کۆنسێپتى یەک تەندروستی (One Health) دەکەنە ستراتيژى کارکردن بۆ پاراستنى تەندروستيى مرۆڤ، ئاژەڵ، ڕووەک و ژینگەی وڵاتەکەمان."

له‌ درێژه‌ى گوتاره‌كه‌يدا د. ئارام محمد گوتى; ئەم ستراتیژە لەوەوە سەرچاوەى گرتووە، دەرکەوتووە كه‌ لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، بەشێکی زۆری  نەخۆشیيە ڤایرۆسیيە نوێیەکان لە ئاژەڵەوە پەڕیونەتەوە بۆ مرۆڤ، ئەوەش ئاماژەیەکى گرنگە بۆ ئەوەى کە تەندروستى مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک و ئیکۆسیستم و ژینگەی هەسارەکەمان پێکەوە گرێدراوە.

سەبارەت بە کارنامەى وەزارەت، د. ئارام محمد قادر گوتى: ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، باوەڕمان وایە کە دەبێت بە دیدێکی فرەدیسپلینى و فرەسێکتەری، و  لەسەر بنەمای  (هەماهەنگيی هاوبەشەکان) مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکەین، هەر بۆیە لە ڕێگەی ئەم کۆنفراسەوە دەمانەوێت هەموو هاوبەشەکان لە سێکتەری حکومەت و ئەکادیمیا و زانکۆکان و بوارە پسپۆڕیيە پەیوەندیدارەکان پێکەوە کۆ بکەینەوە، تاوەکوو پلاتفۆرمێکی نوێ بۆ چەسپاندنى کۆنسێپتى (یەک تەندروستى) پێک بهێنین.  
 
لە بەشێکى دیکەى گوتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جه‌ختى لە پابەندبوونى هەرێمی کوردستان بە بنەما و ئامانجەکانى پەرەپێدانى بەردوامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە، گوتیشى بۆ ئەو مەبەستە هەموو تواناکانى خوێندنى باڵا لە بوارەکانى پزیشکی، ڤێرتێنەرى، کشتوکاڵ، زانستى ژینگە و زانستە مرۆییە پەیوەندیدارەکان دەخەینە خزمەت ئەم پرۆژەیە، هاوکات ژێرخانى زانکۆکان و دامەزراوەکانى توێژینەوەی زانستى لەم پرۆسەیەدا بەشدار دەبن. 
 
لە کۆتایيی گوتارەکەیدا، د. ئارام محمد قادر، هیواى خواست پێکەوە بتوانن ئەم پرۆژەیە سەر بخەن و تەندروستيى گشتى و ژینگەی وڵات بکەنە نمونەیەکی باڵا لەسەر ئاستى ناوچەکە و جیهان.  

بەشێکى دیکەى مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانس بۆ پێشکەشکردنى گوتارى د.سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان ته‌رخان كرا، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیرى تەندروستى دواى دەستخۆشیکردن لە ڕێکخەرانى کۆنفرانسەکە گوتى: ناوەرۆکى کۆنفرانسەکە بابەتى گرنگ و هەستیارى لەخۆ گرتووە، ئەوەش جێى دەستخۆشى و خۆشحاڵیيە، لە دروشم و ناوى کۆنفرانسەکە باس لە (یەک تەندروستى) دەکات، ئێمەش وەک وەزارەتى تەندروستى جه‌خت لە یەک تەندروستى دەکەینەوە بەبێ جیاوازی سنورى جوگرافیا، کات، ژینگە، ئاژەڵ و ڕەگەز، بە تایبەت لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان، کە هیچ سنوورێک و جیاوازیيەکى نەهێشتۆتەوە، هەر مەترسیيەک لەوپەڕى گۆى زەوى ڕوو بدات، دەبێت مەترسیيەکانى بەهەند وەربگرین، وەک ئەوەى پەتاى کۆرۆنا کە بڵاو بووەوە، نمونەیەکى دیارى ئەو مەترسیيەيه‌.

وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان گوتىشى: مەترسیيەکانى ئایيندە جیاوازە لە مەترسیيەکانى سەدە و ساڵەکانى پێشوو، چونکە ژینگە و جیهان و بوارەکانى دیکە گۆڕانکاريیان بەسەردا هاتووە بە تایبەت گۆڕانکاريى ژینگە و سەلامەتيى خۆراک و کەشوهەوا و ئاو، بۆیە پێویستە لە دیاریکردنى مەترسى و ئاڵنگارییەکان ڕەهەندى نوێ وەربگیرێت بە تایبەت لە بوارە بایلۆجییەکان، بۆیە ئامادەکارى و تواناکان یەکێکە لە بەرنامە جیهانیيەکان.

لە کۆتایيی گوتارەکەیدا، د. سامان بەرزنجى هیواى خواست ناوەرۆکى کۆنفرانسەکە و ئەنجامى گفتوگۆکان، ببنە هەوێنى دەوڵەمەندکردنى ڕەشنووسى دیاریکردنى مەترسی و چۆنیيەتى سیاسەتى بەره‌نگاربوونەوەى مەترسييه‌ بایۆلۆجیەکان، کە لە هەرێمى کوردستان ئامادە کراوە، لە ئايیندەدا دەچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەش سوپاسى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە بە دید و ڕوانینێکى فراوانتر کاراسانیيەکى باشتر دەکەن بۆ ڕایيکردن و جێبەجێکردنى ئەم پرۆگرامە لە هەرێمى کوردستان.

بەشى کۆتایيى گوتارى مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانس بۆ پێشکەشکردنى گوتارێک لەلایەن خاتوو ڕاچەڵ ئێریکسۆن (Rachel Erickson)، نوێنەری ئۆفیسی کەمکردنەوەی هەڕەشەی هاوبەشی ISN لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمه‌ریکا تەرخان کرا، کە بەشێوەى ئۆنلاین به‌شداريى کۆنفرانسه‌كه‌ى کرد، بۆ ئەوەش بە گرنگیيەوە باسى لە بابەتى چەمکى (یەک تەندروستى) کرد و گوتى: ئەم دیدگە و ڕوانگەیە زۆر گرنگە بۆ خۆپاراستن و چارەسەرکردن و وەڵامدانەوەى ئەگەرەکان، لە کۆتایيشدا ئەمە بەشدار دەبێت لە زیادکردنی ئاسایشی تەندروستيی جیهانی، ڕوونیشی کردەوە کۆنفرانسی یەک تەندروستی، دەرفەتێکی ناوازە پێشکەش دەکات بۆ گفتوگۆی بەهێز و مانادار سەبارەت بەوەی کە چۆن دەتوانێت بۆشاییەکانی ئاسایشی تەندروستى و سەلامەتيی زیندەیی بەرز بکەنەوە. لە کۆتایيشدا گوتى: ئێمە چاوەڕێی بیستنی سەرکەوتنەکانتان دەکەین.

پاشان بەرنامەى کارى کۆنفرانس دەستى پێ کرد، بڕیاريشه‌ لە ماوەى دوو ڕۆژدا و لە ڕێگەى پێنج پانێڵ لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانى بوارەکە و بەرپرسانى پەیوەندیدار لە وەزارەت و دامەزراوە جیاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، گفتوگۆ لەبارەى ڕەهەندە جیاکانى کۆنفرانسەکە بکەن، بە ئامانجى گەڵاڵەکردنى کۆمەڵێک پێشنیاز و ڕاسپاردەى گرنگ بۆ چۆنیيەتى داڕشتنى ستراتیژێکى هەمەلایەن بۆ خۆپاراستن و ڕووبەڕووبونەوەى مەترسى و ئاڵنگارییەکانى پەیوەست بە مەترسییە بایۆلۆجییەکان و دابینکردنى ژینگەیەکى یەک تەندروست بۆ مرۆڤ، ژینگە و ئاژەڵ.