Skip to the content

دەرفەت و ئالنگارییەکانی بەکارهێنانی ژیريی دەستکرد لە دیدارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵادا گفتوگۆی لەبارەوە کرا

ڕۆژى سێشەممە  ١٦ی نیسانی ٢٠٢٤، بە چاودێريی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونی هەریەک لە بریکارانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرۆکى زانکۆکان، ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و مامۆستایانى زانکۆ و میوانانی ئەکادیمی، دیداری (دەرفەت و ئالنگارییەکانی بەکارهێنانی ژیريی دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا) لەلایەن فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە هۆتێلی نێودەوڵەتیى هەولێر ساز کرا.

دیدارەکە بە گوتاری لیژنەی ڕێکخستنی دیدارەکە  دەستی پێکرد و د. ژاڵە سەعید خەتات، بەڕێوبەری گشتيی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە گوتارێکدا ئاماژەی بە گرنگییەکانی ژیريی سەردەمییانەی دەستکرد دا، بە جۆرێک بەکارهێنانی ئەم ئامرازە سەردەمییەی بە گرنگ وەسف کرد، بەو مەرجەی نەبێتە هۆی دانانی کاریگەريی نەرێنی لەسەر دەسپاکی ئەکادیمی لە نووسینەوەی توێژینەوەکاندا.

گوتاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەلایەن د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵاوه‌ پێشکەش کرا. لە گوتارەکەیدا دووپاتى لە گرنگيی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم پێویستیيە سەردەمییە کرایەوە لە کاتی توێژینەوە و بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا و ئاماژە بەوەش درا هاتنە کایەی سیستمی ژیریی دەستکرد ڕەنگە لە داهاتوو ناچارمان بکات کە پێویست بکات پێداچوونەوە بە سیستمی پێدانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا بکرێتەوە، بە تایبەت لە ڕووی ماوەی خوێندن بۆ ماستەر و دکتۆرا، چونکە بەردەستخستنی سەرچاوە ئەکادیمییەکان لە ئێستادا بە هاوکاری ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد کاتێکی زۆر بۆ توێژەر دەگەڕێنێتەوە.

لە درێژەی دیدارەکەدا، لە چوار پانێڵی جیاوازدا، باس لە ئامراز و دەرفەتەکانی بەکارهێنانی ژیريی دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکان تیشکیان خرایە سەر و ئەزموونی زانکۆ پێشکەوتووەکان و دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە و گۆڤارە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ چۆنیيەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژیريی دەستکرد، و ئالنگارییەکانی بەکارهێنانی ژیريی دەستکردیش لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا تەوەرەکانی تری دیدارەکە بوون.

جێگەى ئاماژەیە دیداری (دەرفەت و ئالنگارییەکانی بەکارهێنانی ژیريی دەستکرد لە بڵاوکراوە ئەکادیمییەکاندا) بە دەرکردنى چەند ڕاسپاردەیەک کۆتایی بە کارەکانى هێنا.