Skip to the content

ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بەرنامەى فول برایت بۆ خوێندنى ماستەر ڕادەگەیەنێت

ويلايه‌ته‌ يه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ريكا به‌رنامه‌ى فول برايت بۆ خوێندنى ماسته‌ر ڕاده‌گه‌يه‌نێت

ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بۆ ساڵی 2024، بەرنامەى فول برایت بۆ خوازیارانى خوێندنى بەرنامەى ماستەر لە سەرتاسەرى عێراق لە بوارى جیاجیا ڕادەگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى داوا لە سەرجەم خوازیاران لە هەرێمى کوردستان دەکات دەتوانن بەم مەرج و داخوازیيانەی خوارەوە داواکارى پێشکەش بکەن:

1- پێشکەشکار دانیشتوی هەرێمى کوردستان و عێراق بێت.
2- بە لایەنی کەمه‌وه‌ دوای دەرچوونی لە زانکۆ، دوو ساڵ خزمەتی هەبێت.
3- بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت و دانپێدانراو بێت.
4- دەبێت پێشخانێکى ئەکادیميی باشى هەبێت.
5- ئاستی زمانی ئینگلیزی بەرچاوی هەبێت، بە شێوەیەک بتوانێت بەشداری لە خولی درێژخایەنی زمان بکات بەر لە دەسپێکردنی بەرنامەی خوێندن.
6- پێشینە بۆ ئەم خوازیارانە دەبێت کە پێشتر ئەزمونی خوێندن و ژیانیان لە ئەمریکا زۆر کەم بووە یاخود نەبووە.
7- خوازیاران لە باکگراوندی جیاجیا لەگەڵ خاوەنپێداویستی تایبەت هان دەدرێن بۆ پێشکەشکردن.

تێبینی:
- تەواوی خەرجیى ئەم بەرنامەیە لە ئەستۆی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا دەبێت.
- دوا کات بۆ پێشکەشکردن بریتيیە لە 1ــى ئايارى 2024.
- بۆ زیاتر زانیاری و وردەکاری پێشکەشکردن، تکایە سەیری برۆشەری هاوپێچ و ئەم لینکە بکەن (كرته‌ بكه‌)، ئەگەر پێویست بوو پەیوەندی بە نوسینگەی ئەمیدست لە هەولێر و بەغداد بکەن.

سەبارەت بە مەرجەکانی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ خوێندنی ماستەر لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیە بریتیە لە:
1- پێشکەشکار فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگه‌کانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
2- پێشکەشکار بە لایەنی کەمه‌وه‌ دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لەپاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
3- کۆنمرەی بەکالۆریۆسی پێشکەشکار لە (٦٥%) کەمتر نەبێت.
4- ئاستی توانستی زمانی داواکراو بەندە بە ئاستی داواکراوی خودی بەرنامەکە.
5- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات واتا (بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
6- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
7- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن بەرنامەی فول برایت پشتگیريی دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر، سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
8- هەرکەسێک ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.

تێبینى:
دوای وەرگرتن لەم زەمالەیە، بە مەبەستی کردنەوەی فایل سەردانی ئەم بەستەرە بکەن: (كردنه‌وه‌ى فايل)