Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازی لە پارێزگارى هەڵەبجە کرد

ڕۆژی چوارشەممە ٣ــی نیسانی ٢٠٢٤، د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازی لە ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هەڵەبجە و شاندیکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە بریکارى وەزارەت و سەرۆکى زانکۆى هەڵەبجە و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجە سوپاس و پێزانینیى خەڵکى هەڵەبجەى بە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گەیاند، بۆ هەوڵ و پشتیوانییەکانى بە مەبەستى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى هەڵەبجە، کە ئەم کۆلێژە بەرهەمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و دامەزراوەکانى دیکەیە بۆ خزمەتکردن بە سێکتەرى تەندروستى و پزیشکى لە هەڵەبجەى شەهید. زیاتر گوتیشى: تەرخانکردنى بڕى ٢٠٠ ملیۆن دینار لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵاوە بۆ ژێرخانى ئەم کۆلێژە، جێگەى پێزانینە.

لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر دواى بەخێرهاتن، ڕایگەیاند: هەڵەبجە بەشێکە لە ناسنامەى نەتەوەییمان و ئەوەى لە تواناماندا بێت بۆ پێشخستنى ئاستى زانکۆى هەڵەبجە درێغى ناکەین، بۆیە ئەرکى هەموو لایەنەکانە بەیەکەوە خزمەتى زیاتر بەم شارە خۆشەویستەى کوردستان بکەین و هەریەک لاى خۆمان بە پرۆژە و کارى گرنگەوە بتوانین کەمێک لە ئازارەکانى هەڵەبجە سارێژ بکەین. هه‌روه‌ها گوتى: کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى هەڵەبجە دەستکەوتێکى گرنگە بۆ خەڵکى هەڵەبجە ئەوەى لە تواناماندا بێت بۆ پێشخستنى ئاستى زانکۆ و کۆلێژى هەڵەبجە درێغى ناکەین، بۆيه‌ پێویستە هەمووان وەک یەک تیم خزمەت بە خەڵک و شارەکە بکەین.

جێگەى ئاماژەیە ئەمساڵ لە یادى ٣٦ ساڵەى کارەساتى کیمیابارانى شارى هەڵەبجەى شەهید، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی هەڵەبجەى ڕادەستی سەرۆکی زانکۆى هەڵەبجە کردووە.