Skip to the content

وۆرکشۆپێکى تایبەت بە ڕیزبەنديى زانکۆکانى کوردستان بەڕێوە چوو

ڕۆژى سێشەممە ١٣ى ئابى ٢٠٢٤، بە چاودێرى و ئامادەبوونى د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى زانکۆکان و ڕاوێژکاران و یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆکان و لێپرسراوانى دڵنیایيی جۆرى و مامۆستایان، وۆرکشۆپێکى تایبەت بۆ ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەبارەى تاووتوێکردنى ئامانج و پەیام و دیدگەى ڕیزبەنديى زانکۆکانى کوردستان (KUR کەى یو ئاڕ) بەڕێوە چوو.
لە گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى خواست ئەم گفتوگۆیە ببێتە دەرفەتێکى بەسوود، بۆ دیالۆگێکى کراوەى زانستى، بە مەبەستى گفتوگۆکردن له‌بارەى ئەم پرسە زانستیيە گرنگە، کە ڕیزبەنديی زانکۆکانى کوردستانە، بۆیە وەک هەمیشە ڕێز لە بیروبۆچوون و دیدگە جیاوازەکان دەگرین و گرنگیشە بە تێگەیشتنى قووڵ و واقعییەوە، بڕیار لەبارەى ئەم پرسە بدەین.

هەر لە گوتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆکانى ڕاسپارد بە لەبەرچاوگرتنى تواناى هەر یەک لە زانکۆکانتان، دیدو بۆچونەکانتان لەبارەى ئەنجامدانى ڕیزبەنديى زانکۆکانى کوردستان بخەنە ڕوو، بۆ ئەوەى هەمووان بە بەرچاوڕوونيى تەواو، بڕیار لەبارەى ئەنجامدانى ڕیزبەندى و لێکەوتەکانى بدەین و ڕێگەمان ڕۆشن و بەرچاومان دیار بێت لەبارەى ئەنجامەکانى.

پاشان د. محه‌مه‌د حوسێن، سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایيی جۆرى، له‌ گوته‌يه‌كدا ئاماژەى بە بەرنامە و تەوەرەکانى گفتوگۆى وۆرکشۆپەکە کرد، بە مەبەستى تاووتوێکردنى ئامانج و پەیام و دیدگەى ڕیزبەنديى زانکۆکانى کوردستان (KUR)، بۆ ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، گوتیشى: لە ئه‌نجامى گفتوگۆکاندا، بڕیار لەبارەى ڕیزبەنديى زانکۆکانى کوردستان و پرس و بابەتەکان دەدەین.

دواتریش لە چوار پانێڵى جیادا کە لەلایەن زانکۆکانى کوردستان پێشکەش کران، بەوردى تیشک خرایە سەر ئامانجى وۆرکشۆپەکە و تاووتوێکردنى ئامانجەکانى ئەنجامدانى ڕیزبەنديى زانکۆکانى کوردستان.