وەزیری خوێندنی باڵا و توێژينهوهى زانستى: کار بۆ سەربەخۆیيى زانکۆکان لە ڕووى ئیدارى و زانستى و داراییەوە دهكهين
ئێوارەی ڕۆژى سێشەممە ٦ى ئابى ٢٠٢٤، بە بەشداريی د. ئارام محهمهد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانی حکومی و تایبەتەکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتيی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى و مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکە، مەراسیمێکی تایبەت بە بۆنەی ئیندێکس کردنی گۆڤاری زانکۆی سەلاحەدین بۆ زانستە کردارییەکان لە داتابەیسی سکۆپەس بەڕێوە چوو.
لەمیانەى پێشکەشکردنى گوتەیەکدا د. ئارام محهمهد قادر ڕایگەیاند: لە ناخی دڵمەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە زانکۆی سەلاحەدین و ئەو تیمە پرۆفێشناڵە دەکەم کە لە گۆڤاری زانکۆ کار دەکەن، بەرهەمی کارەکانیان گەیشتە ئەو ئاستەی کە گۆڤارەکە لە دامەزراوەی سکۆپەس ئیندێکس بکرێت، گوتیشی: ئەم هەنگاوە ئاماژەیەکی زانستيی گرنگە کە زانکۆکانمان بە ئاراستەی شاڕێی کواڵێتی و ستانداردی نێودەوڵەتی هەنگاو دەنێن و ماناشی وایە زانکۆی سەلاحەین توانیویەتی هەم لە ڕووی بنەماکانی پێداچوونەوەی هاوەڵانە و هەم لە ڕووی ستانداردکردنی لایەنە جیاجیاکانی بەڕێوەبردنی گۆڤارەکە بە ئاراستەی کواڵێتی هەنگاو بنێت.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژينهوهى زانستى ئەوەشی ڕاگەیاند: جێگەی شانازیيە ئەم جۆرە هەنگاوە لەسەر ئاستی زۆربەی زانکۆکان دەبینین، بۆ نموونە گۆڤاری (ئارۆ)ی زانکۆی کۆیە لە کلاریڤەیت و گۆڤاری (پاساری)ى زانکۆی گەرمیان لە سکۆپەس، ئیندێکس کراون و لە نزیکیشەوە ئاگهدارم کە بەشێکی زۆری زانکۆکان بەم ئاراستەیە کار دەکەن، دەبێت ئەوەشمان لەیاد بێت کە کارکردن بۆ پاراستنی کواڵێتی توێژینەوەکان و پاراستنی نەزاهەی ئەکادیمی، لە پێشینەی کارەکانی وەزارەتمانە، زیاتر گوتیشی: ئێمە دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ پاراستنی ناو و ناوبانگی کۆمەڵگەی ئەکادیمی و زانکۆکانمان، ئێستا بەشێکی زۆری وڵاتانی دونیا و هاوبەشەکانمان چاویان لەسەرمانە و چاوەڕوانی زۆریان هەیە، لە یادیشمان بێت توێژینەوەکانمان هەم کواڵێتیان هەبێت و هەم پەیوەندیداربن بە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی وڵاتەکەمان، گوتیشى: شانازی دەکەین بەشێکی توێژینەوەکانمان جگە لە گۆڤارە ناوخۆییەکان، لە گۆڤاری زانستيی ئاست بەرز بڵاو دەکرێنەوە.
لەلایەن خۆشیەوە د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە ناوی ئەنجومەنی زانکۆ، بەخێرهاتنی میوانانی کرد و بیرۆکە و کارەکانی تیمی زانکۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو کارە زانستیيە خستەڕوو، هاوکات سوپاسی تایبەتى د. ئارام محهمهد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرد، کە هەمیشە هانی زانکۆکان دەدات بۆ خستنەگەڕى هەوڵەکانیان بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی گۆڤارەکانیان و کارە زانستیيەکانیان، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین کردنەوەی کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی سەلاحەدین بە هاوکاريی زانکۆیەکی وڵاتی تورکیا لە ساڵی داهاتوو لە زانکۆکەى ڕاگەیاند.
هەر لە مەراسیمی ئیندێکسکردنی گۆڤاری زانکۆی سەلاحەدین بۆ زانستە کرداریيەکان لە داتابەیسی سکۆپەس، د. عەباس برهان، هەنگاو و کارەکانی تیمى زانکۆى سەحەلادینى خستەڕوو، هاوکات د. محهمهد باقی، سەرنووسەری گۆڤارەکە بەم بۆنەیەوە گوتەیەکى پێشکەش کرد.
لە کۆتایيى مەراسیمەکەدا دواى پێشکەشکردنى قەڵغانی ڕێزلێنان بە سەرۆکایەتيی زانکۆ و ستافی گۆڤارەکە، چەند پارچە مۆسیقا و گۆرانييهك پێشکەش کران.