Skip to the content

کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە دەکرێتەوە

بە نوێنەرایەتیى ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وەفدێکی وەزارەت، کە پێکهاتبوو لە ئامانج عەبدوڵا سەعید، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا، توانا نەجەف محەمەدخان، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی، سەردانی زانکۆی هەڵەبجەیان کرد و لەلایەن مهاباد کامل عەبدوڵا، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆی هەڵەبجە و جێگرانی پارێزگاری هەڵەبجە و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە پێشوازیان لێ کرا.

ئامانجی سەردانەکە بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لە هەنگاوە کردارییەکانی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی هەڵەبجە.

لە گوتەیەکدا لەگەڵ ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجە، ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕایگەیاند: هەڵەبجە ناسنامەی گەلی کوردە و هەموومان شانازی بەو شارەوە دەکەین، ئەمڕۆش بە نوێنەرایەتیی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاتووین و جەخت لە کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی دەکەینەوە، بۆ ئەوەى لەو ڕێگەیەوە خزمەتگوزاریی باشتر پێشکەش بە پارێزگەی هەڵەبجە بکرێت. گوتیشى: بەهۆى ئەوەى کردنەوەی کۆلێژەکە تازەیە، دەمانەوێت لە ڕووی پڕۆگرام و ڕاهێنانی مامۆستایانەوە لە ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتیدا بێت، هەروەها لە ڕێگەی گۆڕانکاری و بنیاتنانی کۆلێژی پزیشکیی هەڵەبجەوە، دەمانەوێت کاریگەریمان لەسەر تەواوی پرۆسەی تەندروستی لە هەرێمى کوردستان هەبێت.

ڕوونیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیار و ٥١٢ مليۆن دینار و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستییش بڕی ٢٠٠ ملیۆن دیناری بۆ کردنەوە و بنیاتنانى ژێرخانى کۆلێژەکە تەرخان کردووە، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ دەستپێکی کردنەوەی کۆلێژى پزیشکى.

ئاماژەی بەوەش کرد ئامادەکارییەکانی کردنەوەی کۆلێژەکە بە چەند قۆناغێک دەبێت؛
قۆناغی یەکەم بریتییە لەو پڕۆپۆزەڵەی کۆلێژەکە، کە لە لایەن زانکۆی هەڵەبجە ئامادەکراوە و وەزارەت پڕۆسێسی کردووە و دەست بە دابینکردنی پێداویستییەکانی دەکرێت و هەوڵ دراوە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ بەدەست بهێنین و خۆشبەختانە لەبەر پێگەی هەڵەبجە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەدەنگەوەهاتنی باش هەبووە.

لە گوتەیەکیشدا توانا نەجەف محەمەدخان، ئاماژەى بە ئامادەکارییەکان کرد لە ڕووى دارایى و کارگێرى و هەنگاوە کردارییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ کردنەوەى کۆلێژەکە کە لە ئەمڕۆوە دەست پێ دەکەن، گوتیشى: لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنماییەکانەوە دەمانەوێت بە کردنەوەى ئەم کۆلێژە خزمەتى زیاتر بە هەڵەبجەییەکان و تەواوى خەڵکى کوردستان بکەین.

لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە سەرەڕای بەخێرهێنانی وەفدی وەزارەت، سوپاسی هەموو ئەو کەس و شوێن و لایەنانەی کرد کە هاوکاربوون بۆ ئەوەی ئەو کۆلێژە بکرێتەوە، هیواشی خواست کردنەوەى کۆلێژەکە بخرێتە خزمەتی پارێزگەی هەڵەبجە و هەموو کوردستان.

دواتر وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەردانى باڵەخانەى کۆلێژەکەیان کرد، کە لە ئێستادا ٨٥%ی کارەکانى تەواو بووە و چاوەڕوان دەکرێت دواى تەرخانکردنى بودجەى پێویست و ڕێکارى دارایی، باڵەخانەکە بە شێوەیەکى سەردەمییانە و پێشکەوتوو بخرێتە خزمەتى کۆلێژى پزیشکیى زانکۆى هەڵەبجە.