Skip to the content

ئاڵوگۆڕ لە پۆستى سەرۆکى زانکۆى گەرمیان كرا

ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ى ئايى ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونى د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە وەکالەت و سەرۆکى دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیايی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە ڕێوڕەسمێکى تایبەتدا لە ئەنجومەنى زانکۆ، ئاڵوگۆڕ لە پۆستى سەرۆکى زانکۆى گەرمیان ئەنجام درا.

لە گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەوڵ و کارەکانى سەرۆکى پێشوى زانکۆى گەرمیانی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ کە ماڵئاوایى لە براى خۆشەویستم د. فەرهاد دەکەین، چیرۆکێکى دوور و درێژ هەیە، لەناو ئەو چیرۆکەدا ئەوەى قابیلى پەند لێ وەرگرتنە ئەوەیە کە مرۆڤ ئیرادەى هەبێت دەتوانێت سەربکەوێت، ئێمە کە دەستمان پێ کرد و د. فەرهادیش کە دەستى پێ کرد لەناو چەندین قەیرانى قووڵدا بووین، بەڵام بەهۆى ئەو ئیرادە بەهێزە خۆمان بەدەستەوە نەدا و پرۆسەکە بەسەرکەوتوویى بەردەوام بوو، ئەمەش بۆ ڕۆڵ و پێگە و کاریگەريی سەرۆکى زانکۆ لەو کاتەدا دەگەڕێتەوە، ڕايشیگەیاند: دڵتەنگم ئەمڕۆ کە یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکیيەکان کە پێگە و ڕۆڵێکى دیارى لە ئەنجومەنى وەزارەت هەبوو جێمان دێڵێت، لەلایەکى دیکەوە دڵخۆشم کە برایەکى دیکەمان دێتە شوێنى کە خەڵکى خاک و خۆڵى گەرمیانە و زانکۆکە باش دەناسێت، زیاتر گوتیشى: کار و پرۆژەکانى سەرۆکى زانکۆى گەرمیان لە ماوەى ڕابردوو، بۆ خزمەتکردنى زانکۆ و پەرەپێدانى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و گەرمیان، دیار و بەرچاوە، بۆ ئەمەش داواى لە ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان کرد بە هەمان شێوه‌ى ڕابردوو پاڵپشتى لە سەرۆکى نوێى زانکۆ بکەن بۆ تەواوکردنى ئەرک و پرۆژە زانستییەکان.

هەر لە گوتەکەیدا د. ئارام محه‌مه‌د قادر ئاماژەى بە دەستکەوتە زانستییەکانى زانکۆى گەرمیان کرد، کە ڕۆژ دواى ڕۆژ باشتر لەسەر نەخشەى ئەکادیمیاى جیهانى بەرەوپێش دەچێت و لە ڕیزبەنديى جیهانى زانکۆکاندا، زانکۆى گەرمیان لە ئاستێکی باشدایە، ئەمەش مایەى شانازییە بۆ زانکۆ و هەموو لایەک.
وه‌زيرى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى زياتر دوا و ڕایگەیاند: بۆ ھەموومان گرنگە خزمەتی گەرمیان بکەین، خەڵکى گەرمیان شایەنی خزمەتی زیاترن لەوەی کە ئێستا بۆیان کراوە، ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین و خەڵکی ناوچەکە و هەرێمى کوردستان چاویان لە پرۆژەى زانستيى زیاترە لە زانکۆ و پاراستنى دەستکەوتەکانى لەڕووى زانستى و پێشکەوتنەوە، بۆیە هیوادارین لەگەڵ دەستبەکاربوونى سەرۆکى نوێ، ئەم زانکۆیە لە سەرجەم ڕووەکانەوە زیاتر پێش بکەوێت و سەربەخۆیيی تەواویان بۆ دەستەبەر بکرێت و دەستکراوە بن بۆ ئەنجامدانى پرۆژەى گرنگى ئەکادیمى، هاوکات سوپاسی ئیدارەی گەرمیان و قایمقامیيەتی قەزای کەلار و سەرجەم یەکە ئیدارەییەکانی ناوچەکەی کرد، کە لەماوەى ڕابردوودا ھاوکاری بەردەوامی زانکۆ بوونە.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا پ.د. فەرھاد قادر، سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە لەماوەی ڕابردوو ھاوکار و پشتیوانی زۆر باشی زانکۆی گەرمیان بووە، ھەروەھا سوپاسی ئیدارەی گەرمیان و سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکەی کرد، کە پاڵپشتی زانکۆ بوونە لە ماوەکانی ڕابردوو. ناوبراو باسی لەوەش کرد: سەرباری ئەو قەیران و پێشھاتانەی کە لە ماوەی ڕابردوو هاتنه‌ ڕێگه‌، بە پاڵپشتی و ھاوکاريی ستافی زانکۆ توانراوه‌ پێگەی زانکۆی گەرمیان بگەیەنینە ئاستێکی زۆرباش کە جێگەی دڵخۆشيی ھەموو لایەک بێت.

لە کۆتایيدا سەرۆکی زانکۆ گوتی؛ بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ئەم بەرپرسیاریيەتیيە ڕادەستی برای بەڕێزم پ.د. ئاراس فەریق، دەکەم، جگە لە پیرۆزبایيی گەرممان بۆ بەڕێزیان، ھیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین و بە ھەموو شێوەیەک پاڵپشت و پشتیوانی دەبین.
لە کۆتاییى مەراسیمەکەدا چەپکەگوڵی سەرۆکایەتيی زانکۆ پێشکەش بە وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی نوێی زانکۆ کرا و ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆکی زانکۆ كرا.