تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیا لە سێ زانکۆی کوردستان کرانەوە
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ئەو قوتابى و خوێندکارانەی لە تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ ڕاهێنان دەکەن، دەتوانن ببنە خاوەنى بڕوانامەی ستانداردی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، هەلی کار بەدەست بهێنن، چونکە هەموو ئەو کارامەییانەی لەم تاقیگانەدا فێری خوێندکاران و قوتابیيان دەکرێن، پێداویستيی هەنووکەیيی بازاڕی کاری کوردستان و ناوچەکە و جیهانن.
ڕۆژى سێشەممە 6ى ئابى 2024، لە زانکۆى پۆلیتەکنیکيى هەولێر، بە ئامادەبوونى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و مارک سترۆ، کونسولی گشتيی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکى هەر یەک لە زانکۆکانى پۆلیتەکنیکى هەولێر، سلێمانى و دهۆک و ژمارەیەک لە مامۆستایان و میوانان، تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ، بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمهريكايى لە هەرێمی کوردستان کرایەوە.
لەمیانەى پێشکەشکردنى گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی تەواوبوونی پرۆژەی (پەرەپێدانی تەکنۆلۆجیای ئەمەریکايى)، لە هەر سێ زانکۆی پۆلیتەکنیکيی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، لەگەڵتان بەشدارم، گوتیشى: ئەم پرۆژەیە تایبەتە بە دەستەبەرکردنی تەکنۆلۆجیای ئەمەریکاييى سیسکۆ لە بواری نێتوێرکینگ و سایبەر سکیوریتی، بۆ تاقیگەکانی کۆمپیوتەر لە هەر سێ زانکۆی پۆلیتەکنیکيی هەولێر، سلێمانی و دهۆک.
لە بەشێکى دیکەى گوتەکەیدا، د. ئارام محەمەد قادر باسى لە گرنگيى جێبەجێکردنى پرۆژەکە کرد و ڕایگەیاند: ئەم پرۆژەیە کاریگەريی گەورەی لەسەر پرۆسەی خوێندن و ڕاهێنانی پراکتیکی لە بواری نێتوێرکینگ و سایبەر سکیوریتی دەبێت، ئەوانەی لەم تاقیگانەدا ڕاهێنان دەکەن دەتوانن ببنە خاوەنى بڕوانامەی ستانداردی نێودەوڵەتی و لە سەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، دەتوانن هەلی کار بەدەست بهێنن، چونکە هەموو ئەو کارامەییانەی لەم تاقیگانەدا فێری خوێندکاران و قوتابیيان دەکرێن، پێداویستيی هەنووکەیيی بازاڕی کاری کوردستان و ناوچەکە و جیهانن.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لایەنە گرنگەکانى دیکەى پرۆژەکەى باس کرد و گوتى: ئەم پرۆژەیە جگە لە گرنگيى لایەنە زانستیيەکەى، لە هەمان کاتدا پشتیوانیيەکی سیاسيی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و دووپاتى ئەوە دەکاتەوە، کە ئێمە بە تەنیا نین، گوتیشى: چاوەڕێى ئەوە لە حکومەت و گەلى ئەمهریکا دەکەین پەیوەندییەکانمان بچێتە قۆناغێکى باشتر، بۆ بووژانەوەى زیاترى ژێرخانى زانکۆکانى کوردستان، لەو بوارەشدا خۆشحاڵین حکومەتی ئەمەریکا هاوکارمانە بۆ پەرەپێدانی تەکنۆلۆجیای ئەمەریکايى لە ناو زانکۆکانمان و ڕاهێنانی توانا مرۆییەکانی وڵاتەکەمان، بە نوێترین تەکنۆلۆجیا، جگە لەوەش لەگەڵ کونسولگەريی گشتيی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ڕێکخراوی ئایرێکس، ژمارەیەک پرۆژەی گەورەمان بە ئەنجام گەیاندوون.
وهزيرى خوێندنى باڵا و توێژينهوهى زانستى لایەنێکى دیکەى گوتارەکەى بۆ خستنەڕووى ستراتیژى وەزارەت تهرخان كرد، بۆ ئەمەش گوتى: دیدگهى وەزارەت بەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندنە بە بازارى کار، کردنەوەى ئەم تاقیگەیانە هاوکار و هەماهەنگى باشى پیادەکردنى ئەو ستراتیژەى وەزارەتەکەمانە، چونکە ئەرکى وەزارەت و زانکۆکان بریتیيە لە پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى کە لە بازاڕى کار هەیە، لەو چوارچێوەيهشدا گوتى: ئامانجمانە بایەخى زۆر بە خوێندنى پیشەیی بدەین و کارمهندى لێهاتوو بۆ بازاڕى کارى کوردستان دروست بکەین، ئەگەر ئەو هەنگاو و ستراتیژە جێبەجێ نەکەین، هەر لە ژینگەى ڕابردوو دەمێنینەوە و ناتوانین پێش بکەوین و لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەڵبکەین، هەر بەو جۆرەش دەتوانین پێکەوە هەستى نیشتمانى و نەتەوەیی و خۆشەویستى بۆ وڵات و خاک زیاتر بکەین، زیاتر گوتیشى: مایەى خۆشحاڵیيە ئاماژە نێودەوڵەتیيەکان پێمان دەڵێن دۆخى زانکۆکان باشن و بەرەو باشيى زیاتر دەڕۆن، چونکە ڕۆژانە زانکۆ و سەرکردە ئەکادیمیيەکان لە هەماهەنگى و واژۆکردنى یاداشتنامەى لێکەتێگەیشتنن، لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە نێودەوڵەتیيەکان.
لە کۆتایيی گوتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسی تایبەتى ئاراستەی حکومەت و گەلى ئەمەریکا و ڕێکخراوی ئایرێکس و کونسولگەريى گشتيی ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان کرد، کە بە شێوەیەکى بەردەوام هاوکارى وەزارەت و زانکۆکان بوون.
هەر لەو مەراسیمەدا، مارک سترۆ، کونسولی گشتيی ئەمهریکا لە هەرێمی کوردستان، گوتەیەکى پێشکەش کرد و گوتى: کردنەوەی ئەم تاقیگانە لەم سێ زانکۆیە، بەڵگەی خۆبەخشی ئێوەی سەرکردەى ئەکادیمیيە، لە دروستکردنی باشترین ژینگەی فێربوون، بۆ خوێندکار و قوتابیيەکانتان، بۆیە سوپاسى وەزارەت و زانکۆ و ڕێکخراوى ئایرێکس دەکەم کە لە جێبەجێکردنى ئەم پرۆژەیە ماندووبوون.
لەبارەى تاقیگەکانیش؛ کونسولی گشتيی ئەمهریکا ڕایگەیاند: تاقیگەکانی سیسکۆ بۆ پەرەپێدانى تەکنەلۆجیای ئەمەریکايى لە هەرێمى کوردستان، زانستى تەکنەلۆجیاى پێشکەوتووی ئەمەریکايى پێشکەش بە نەوەی داهاتوو و پسپۆڕانی ئایتی کورد دەکات و، یارمەتیان دەدات فێری کارامەیيی بەنرخی کۆمپیوتەر ببن و زیاتر ڕکابەری لە بازاڕی کارى جیهانیدا بکەن، هەروەها مەشق و ڕاهێنان بۆ مامۆستایان دابین دەکەین.
لە کۆتایيی گوتهكهيدا كونسولى گشتى دووپاتى سیاسەتى وڵاتەکەى کردەوە، بۆ دابینکردنى ژینگەیەکى لەبار و گونجاو، بۆ خوێندن لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بۆ یارمەتیدانی هێزی کاری لێهاتوو و بەهێزکردن و هەمەچەشنکردنى ئابوورى هەرێمى کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا، تاقیگەى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمریکايى لە زانکۆى پۆلیتەکنیکيى هەولێر لەلایەن وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و كونسولی گشتيی ئەمهریکا لە هەرێمی کوردستان کرایەوە، پاشان تاقیگەکانیان بەسەر کردەوە و، لەلایەن سەرپەرشتیارانهوه ئاشناى شێوازى کارکردنى هەریەک لە تاقیگەکان کران.
تاقیگەکانى ئەکادیمیاى سیسکۆ بۆ پەرەپێدانی تەکنەلۆجیای ئەمهریکايى لە هەرێمی کوردستان (Promoting American Technology in Iraqi Kurdistan Region) بە پاڵپشتيی دارایيی حکومەتی ئەمهریکا بە بڕى یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلار، لەلایەن ڕێکخراوى (USAID) ئەمهریکايى لە هەر سێ زانکۆی پۆلیتەکنیکيی هەولێر، پۆلیتەکنیکيى سلێمانی و پۆلیتەکنیکيى دهۆک، جێبەجێ کراوە، کە پێکهاتووە لە دروستکردنی (٩) نۆ تاقیگەی زانستی، بە نوێترین ئامێرى زانستيى سەردەمیانە لە بواری گەیاندن (Communication)، بۆ هەر سێ زانکۆ پۆلیتەکنیکيیەکەی هەرێمی کوردستان. هاوکات بۆ هەریەک لەم تاقیگانە ڕاهێنانى تایبەت بە ستافى نێوخۆیی و مامۆستایانى زانکۆکان لە بوارى (تێلیکۆمیونیکەیشن) و (ئاى تى) و (نێتۆرکینگ) کراوە، بۆ ئەوەى بتوانن بە شێوەیەکى زانستى تاقیگەکان بۆ مەبەستى فێرکارى بەکاربهێنن.
جێبەجێکردنى پڕۆژەکە دەبێتە بەشێکى گرنگ لە پرۆسەی خوێندنی باڵا بۆ پێدانی بڕوانامەی ئەکادیمی لە بواری (Cyber Security) و تەکنەلۆجیای ئەمهریکايى لە هەرێمی کوردستان، کە بەهۆیانەوە هەر دوو کەرتی گشتی و تایبەت بواری ئامادەکردنی کادری شارەزا و لێهاتوو لە ئاست پێداویستيی بازاڕی کاریان بۆ دەرەخسێت، چونکە تاقیگەکان بە پێشکەوتووترین تاقیگە لە سەر ئاستی ناوچەکە بوونیاد نراون.