Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشوازى لە وەفدێکى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کرد

ڕۆژی سێشەممە ٦ی ئابی ٢٠٢٤، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە ئامادەبوونى ڕاوێژکاران و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیاییى جۆرى و بەڕێوەبەرانى گشتى، لە دیوانى وەزارەت، پێشوازى لە وەفدێکى کۆمسیۆنی باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، بەسەرۆکایەتیى نەبەرد عومەر حوسێن، سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کرد.

لە سەرەتاى دیدارەکە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەڵبژاردن هەلێکى دیموکراسییانە و ئازادانەیە کە ماف بە خەڵک دەدات بۆ دیاریکردنى نوێنەرانى خۆیان، هیواشى خواست پرۆسەى هەڵبژاردنى ئەمجارەى پەرلەمانى کوردستان، کە بڕیارە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بکرێت، سەرکەوتووانە و بە پاکى بەڕێوە بچێت.

د. ئارام محەمەد قادر گوتیشى: تەواوى دامەزراوەکانى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەخەینە خزمەت سەرکەوتنى پرۆسەى هەڵبژاردن، بە تایبەت مامۆستایان و تەکنیکاران، بۆ بەڕێوەبردنى لایەنى تەکنیکى و سەرپەرشتیکردنى بنکەکانى دەنگدان لە پرۆسەى هەڵبژاردن.

لای خۆیەوە سەرۆکى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق گوتى: لەگەڵ وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بۆ هۆشیارکردنەوەى فەرمانبەران لە کارین، بۆ ئەوەش بڕیارە بۆ هەر یەک لەو وەزارەتانە وۆرکشۆپى تایبەت بە هەماهەنگیى هەردوولا بەڕێوە ببەین، بۆ ئەوەى هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەى متمانەى دەنگدەران بە پرۆسەى هەڵبژاردن بدەین و وا بکەین ڕێژەى بەشدارى لە پرۆسەکە زیاتر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا داواى لە وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی کرد کە وەزارەتەکەى بۆ ئەم مەبەستە ڕابسپێرێت.

هاوکات لایەنە تەکنیکى و هونەرییەکانى پرۆسەى ئەمجارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن نەبەرد عومەر حوسێن، بەوردى باسى لێوە کرا و ئاشکرای کرد کە کۆى پرۆسەى هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى کوردستان بە شێوەى ئەلیکترۆنى دەبێت.