Skip to the content

مێزگردێكی تایبەت بۆ پرسی چارەسەرە دیجیتاڵییە پێشکەوتووەکان ئەنجام دەدرێت

بە چاودێری و ئامادەبوونی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى، مێزگردێکی تایبەت بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت و سەرۆکی سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان بە ناونیشانی (Smart Education)، وەکوو دەرفەتێک بۆ گەڕان بە دوای چارەسەرە دیجیتاڵییە پێشکەوتوەکان بۆ کەرتی خوێندنی باڵا، لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

د. محەمەد حوسێن، سەرۆکی دەزگەی سەرپەرشتی و دڵنیاییی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگی بابەتە دیجیتاڵییە پێشکەوتووەکان لە دونیای ئەمڕۆدا کرد و ڕایگەیاند؛ لە کەرتی خوێندنی باڵای کوردستان و ناوەندە ئەکادیمییەکاندا (Smart Education) پرسێکی گرنگ و هەستیارە و وڵاتە پێشکەوتووەکان بەبایەخەوە لەم پرسە گرنگە دەڕوانن و کاری لەسەر دەکەن.

بۆ ئەمەش سوپاسی هەر لایەنێکی، کرد کە هاوکاریی وەزارەت و کەرتی خوێندنی باڵایان کردووە لە پرسە هەنوکەیی و پێویستەکان، وەک دەرفەتێک بۆ گەڕان بە دوای چارەسەرە دیجیتاڵییە پێشکەوتووەکاندا بۆ کەرتی خوێندنی باڵا.

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی؛ ئەمڕۆ هەموومان لێرە کۆبووینەتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیەکی گرنگی زانستی بۆ دامەزراوەکانمان بە تایبەت لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکاندا بۆ بابەتە دیجیتاڵییە پێشکەوتووەکان و چۆنیەتی سوودبینین لەم بوارە گرنگەدا، بۆ ئەمەش زانکۆکانی ڕاسپارد هەماهەنگ و هاوکار بن لەو بوارەدا.

هەر لە گوتەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی زانکۆکانی کوردستان کرد، کە لە ئێستادا باشتر توانیویانە لەسەر نەخشەی ئەکادیمیی جیهاندا بدرەوشێنەوە و هەنگاو بەرەو پێشکەوتن و سەرکەوتنی گەورەی زانستی بنێن لە ناوچەکەدا.

لەبارەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکان کە وابەستەن بە ئاستی زانکۆکان، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی؛ لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر میللەتەکەمان شانازی بە ئاستی زانکۆکانی کوردستان دەکات، چونکە بووەتە ناسنامەی ناساندن و پێشخستنی هەرێمەکەمان لە ڕووی زانستی و ئەکادیمییەوە.

هەر لە مێزگردەکەدا لەلایەن کۆمپانیای هواوی لە عێراق گوتارێک پێشکەش کرا و تیایدا تیشک خرایە سەر هەماهەنگیی ئەو لایەنە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە بواری ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵیدا.
دواتریش چەندین پانێڵ و سمیناری زانستی لە بواری (Smart Education) وەکوو دەرفەتێک بۆ گەڕان بە دوای چارەسەرە دیجیتاڵییە پێشکەوتووەکاندا بۆ کەرتی خوێندنی باڵا پێشکەش کران و ئامادەبووان بە سەرنج و پێشنیازەکانیان بەشداری کارای مێزگردەکە بوون.