هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى بۆ پەرەپێدانى خوێندن بە زمانى دایک بەرز نرخێندران
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى: بەشداریی ڕاستەقینەى پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان پشتیوانە بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لە کولتوور و بەهاکانى پێکەوەژیان.
ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پێشوازی لە ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کرد.
لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى و سەرۆکى هەردوو بەشى تورکی و سریانى لە زانکۆى سەڵاحەدین ئامادەی بوون، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، کورتەیەکى لەبارەى ڕۆڵى پێکهاتەکان لە حکومەتى هەرێمى کوردستان خستەڕوو و ڕایگەیاند: ئەرک و کارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پەرەپێدانى خوێندن بە زمانى دایک بە تایبەت سریانى و تورکی بەرز دەنرخێنین و جێگەى پێزانینە.
وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، دووپاتی کردەوە کە بەشداریکردنی ڕاستەقینەى پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان پشتیوانییە لە بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و گەشەپیدانی کولتووری و کۆمەڵایەتیی سەرجەم پیکهاتەکان، هەر لە گوتەکەیدا، وەزیری خویندنی باڵا هەموو هاوکارى و کاراسانییەکى وەزارەتی بۆ پەرەپێدانى خوێندن بە زمانى دایک لە قۆناغەکانى خوێندنى زانکۆ دووپات کردەوە.