زمانى دايك هۆكارى بنچینەيیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە
ڕۆژی جیهانيی زمانی دایک لە هەموو خەڵکی کوردستان، بە گەلی کورد و هەموو پێکهاتە و ڕەنگە جیاوازەکانەوە پیرۆز دەکەین. زمانی شیرینی کوردی، لەڕووی مێژوویی و قۆڵایيی پێکهاتە بنچینەییەکانی زمان، بە یەکێک لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی میژووی مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت، بڕوامان وایە کە زمانی دایک ڕۆڵی سەرەکی لە گەشەکردنی هزری و سایکۆلۆجی و بنیادنانی کەسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵگە دەبینێت و بنەمای سەرەکيی پرۆسەی خوێندن و فێربوونە.
پەرەپێدانی زمانی دایک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و مۆڕاڵی و زانستییە، و فاکتەری بنچینەیی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییمانە. وەکوو وەزارەت تێڕوانین و پلانی درێژخایەنمان بۆ پەرەپێدانی زیاتری زمانی کوردی ههيه.
هیوامان وایە ڕۆژی جیهانيی زمانی دایک بکەینە دەرفەتێک بۆ کۆکردنەوە و پێکەوە گرێدانی زیاتری کۆمەڵگەی کوردی و قوڵکردنەوەی یەکڕیزی و یەکێتيی نیشتمانی و نەتەوەییمان، بەم هەنگاوە دەتوانین ڕۆحی ئەو شەهیدانەى کە گیانی خۆیان بهخشى بۆ پاراستنی زمانی شیرینی کوردی، ئاسوودە بکەین.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
٢١/ ٢/ ٢٠٢٤