Skip to the content

بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان وەزارەتەکانى خوێندنى باڵا و تەندروستى هەماهەنگى دەکەن

بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان، وەزارەتەکانى خوێندنى باڵا و تەندروستى هەماهەنگى دەکەن

ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى 2024/2/13، بە سەرپەرشتى هەریەک لە د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، و د. سامان بەرزنجى وەزیرى تەندروستى، کۆبوونەوەى هاوبەشى هەردوو وەزارەت لەبارەى هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە بریکارانى هەردوو وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گوتەیەکدا دواى بەخێرهاتن، دەستخۆشى لە هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى و ليژنەى تایبەت کرد ،بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیاريى گشتى و هەڵمەتى نیشتمانيى بەرەنگاربوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان، بۆ ئەمەش گوتى "وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پاڵپشت بە یاساى بەرەنگاربوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان، نەخشەڕێگەى وەزارەت کە چەندین لایەن لەخۆ دەگرێت ئامادەکراوه‌ و بە بەردەوامى دەوڵەمەند دەکرێت و لە کۆتايى ئەم مانگەشدا لە دیدارێکى هاوبەشى فراواندا گفتوگۆى زیاترى لەبارەوە دەکرێت."
لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى تەندروستى لە گوتەیەکدا دەستخۆشى لە هەنگاوەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان و دانانى نەخشەڕێگەى کارکردنى وەزارەتى خوێندنى باڵا، گوتیشى وەزارەتى تەندروستى تایبەت بە هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان، کۆنفرانسێکى فراوان و هاوبەش ئەنجام دەدات تایبەت بە بڵاوکردنەوەى هۆشیاريى گشتى و سازدانى هەڵمەتى نیشتمانيى مەترسییەکانى بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، ليژنەى هاوبەشى هەردوو وەزارەت، گفتوگۆى ورد و چڕیان لەبارەى هەنگاوەکانى داهاتوو بۆ کۆنفرانسى هاوبەش و بەرنامەى هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان کرد.