Skip to the content

بەریتانیا پرۆژە زانستییەکانى لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى فراوانتر دەکات

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: '' لەبوارى زانستى و پەرەپێدانى تواناکان و خوێندنى باڵا، وەزارەت (٦١) یاداشتنـامەى لێـکتێگـەیشتن و (٤٩) پرۆژەى زانسـتى هاوبـەشى جـۆراو جۆرى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى بەریتانیا هەیە و پێشوازى دەکات لە فراوانبونى ئاستى پەیوەندییەکان.''

ئەم لێدوانەى د.ئارام محەمەد قادر؛ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، رۆژی چوارشەممە ٧ی شوباتی ٢٠٢٤، لەمیانى پێشوازی کردنى هات لە جەیمس گۆڵدمان؛ کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان.

لە کۆبونەوەیەکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان بەبۆنەى دەستبەکاربونى وەک کونسوڵى نوێ، خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بۆ سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و باسى لە ئەرک و کارى هاوبەشى زانکۆکانی بەریتانیا کرد لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان.

جەیمس گۆڵدمان؛ دوپاتیکردەوە مەبەستیانە لە ڕێگەى پەروەردەو خوێندنى باڵا پەیوەندى زۆر باش و گەورە لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و هەرێمى کوردستان دورست بکەن و رایگەیاند: ''دەمانەوێت هاوکارى زیاترتان بکەین و پرۆژەکانمان بۆ کەرتى پەروەردەو خوێندنى باڵا فراوانتر دەکەین، بەتایبەت بۆ پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی لە هەرێمى کوردستان.''

د. ئارام محەمەد؛ دواى پیرۆزبایى لە کونسوڵى نوێى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان، نیگەرانى خۆى نیشاندا بۆ دۆخى تەندروستى پاشاى بەریتانیا و هیواى سەلامەتى بۆ خواست، دواتریش باسى لە پەیوەندییەکانى حکومەت و گەلى کوردستان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا کرد و رایگەیاند: ''لەقۆناغى داهاتوو دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بۆ ئاستێکى فراوانتر پەرەپێبدەین، بەو پێیەى وەزارەتەکەمان لە ڕابردودا زۆرترین پڕۆژەى هاوبەشى زانستی لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى بەریتانیا هەبوە، بەشێوەیەک (٦١) یاداشتنامەى لێک تێگەیشتن و (٤٩) پرۆژەى زانستى هاوبەشى جۆراو جۆرى لە بوارەکانی پەرەپێدانی تواناکان و توێژینەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆری ئەکادیمی لەگەڵ بەریتانیا هەیە. ''

وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیشیکردەوە؛ بەشێکى گرنگ و ستراتیژى کارى ئەوان بریتییە لە فراوانکردنى پانتایى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان و پەرەپێدانی زیاتری ڕەهەندی نێودەوڵەتی کەرتی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ دامەزراوەی (British Council) وەزارەتى خوێندنى باڵا هەماهەنگی بەردەوامى هەیە.