د. ئارام محمد قادر: پەیوەندیيەکانمان بۆ ئالوگۆڕى زانستى لەگەڵ وڵاتى چین فراوان دەکەین
ڕۆژى سێشهممه 27ى شوباتى 2024، ئارام محمد قادر،وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازى له لیۆ جین یۆنگ، كونسوڵی گشتیی كۆماری میلليی چین لە هەولێر و وەفدى یاوەرى كرد.
لەسەرەتاى دیدارەکەدا، کونسوڵى گشتيى کۆمارى میلليى چین لە گوتەیەکدا باسى لە پەیوەندییە کولتوورى و مێژوییەکانى هەردوولا کرد، ههروهها گوتى: وڵاتەکەمان ساڵانە کۆرسى دووهەفتەیى بۆ فەرمانبەرانى وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە مەبەستى ڕاهێنان و ئاشناکردنى فەرمانبەران لە بەڕێوەبردنى دامودەزگهکان دەکاتەوە، بۆ ئەمەش هیواى خواست وەزارەتى خوێندنى باڵا بەشدارى کارای لەم پرۆگرامە ههبێت.
لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سوپاسى کۆمارى میلليى چینى کرد بۆ ئەو هاوکاری و هاوئاهەنگیەى لەگەڵ وەزارەتەکە لە بوارى زانستى و ئالوگۆڕى کلتوورى و فەرهەنگى هەیەتى، بۆ ئەمەش هاوکارییەکانى بۆ کردنەوەى بەشى زمانى چینى و ئاشنابوونى خوێندکارانى زانکۆکان بە دامەزراوەکانى ئەو وڵاتە و پێشکەشکردنى زەمالەى خوێندن بە گەنجانى کوردستان و چەندین هەماهەنگى تر لە نێوان هەردوولا بە گرنگ وەسف كرا.
له كۆتاييدا کونسوڵى چین، بانگهێشتنامەى فەرمى پێشکەش بە وەزیر و شاندى زانکۆکان کرد، بۆ سەردانى وڵاتى چین، بە مەبەستى پەرەپێدانى پەیوەندییەکان بە تایبەت لە بوارى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی و ئالوگۆرى ئەکادیميى نێوان هەردوولا.