Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا ستراتیژى بەرەنگاربوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دادەڕێژێت

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى 2024/1/12، بە سەرپەرشتى د. ئامانج عەبدوڵا سەعید، ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى ليژنەى ئامادەکردنى پلان و نەخشەڕێگەیەک سەبارەت بە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى لەناو کۆمەڵگە و زیانەکانى ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و ئامادەبوونى نوێنەرى سەرجەم زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لە مامۆستایان و پسپۆڕان و شارەزایانى بوارەکە، کۆبوونەوەى ئامادەکارى بۆ داڕشتنى ستراتیژى بەرەنگاربونەوەى ماددەهۆشبەرەکان بەڕێوە چوو.

لە دەستپێکدا د. ئامانج عەبدوڵا سەعید، لە گوتەیەکدا ئاماژەى بە گرنگى بابەتەکە بۆ هەرێمى کوردستان و کۆمەڵگەکەمان لە سەرجەم ئاست و سێکتەرەکان کرد و ڕایگەیاند "ئامانج لە کۆبونەوەکەمان دروستکردنى دیالۆگێکى بەرفراوانە لە نێوان دامەزراوەکان و زانکۆکانى کوردستان بۆ ئەوەى زانکۆکانمان بەشداريى کارا بکەن لە دروستکردنى ستراتیژێک بۆ بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان و ئەو مەترسییانەى لەسەر وڵات و هەرێمەکەمان هەیە لەبارەى بڵاوبوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان."

لە کۆبونەوەکەدا، مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان کە شارەزا و پسپۆڕى بوارەکەن و ئەزموون و شارەزایى کەڵەکەبوویان هەیە ئامادەی بوون، گفتوگۆى ورد و چڕ کرا سەبارەت بە ڕا و سەرنج و تێبینییەکان بۆ ئەوەى هەمووان پێکەوە و بە هاوبەشى لەگەڵ سەرجەم زانکۆکان بتوانین ستراتیژێک بۆ وەزارەت و دامەزراوەکان دابڕێژین بۆ چۆنیەتى بەرەنگاربوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ئەویش بە بەشدارى بەشێک لە وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەکانى دیکەى حکومەتی هەرێمى کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا چەندین ڕاسپاردە و پێشنیازى گرنگ بۆ ئەرکى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا بە مەبەستى بەرەنگاربوونەوەى ماددەهۆشبەرەکان و ڕۆڵى هەریەک لە دامەزراوەکان بۆ ناوەندەکانى خوێندن و کۆمەڵگە، گفتوگۆى لەبارەوە کرا.