Skip to the content

پەرەپێدانی توانای کارسازی دەکرێتە بەشێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستان

بە مەبەستی پەرەپێدانی زیاتری توانای داهێنان و کارسازی لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی (MIT) لە ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا پرۆژەی دامەزراندنی سەنتەرەکانی کارسازی خستە بواری جێبەجێ کردنەوە.

لە هەنگاوی یەکەمى پرۆژەکەدا ژمارەیەک مامۆستا لە زانکۆکانی کوردستان لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆی (MIT) ڕاهێنانیان پێکراوە و ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە لەئەستۆ دەگرن.

ئەرکی ئەو سەنتەرانە بریتی دەبێت لە داڕشتنی پرۆگرامی خوێندنی تایبەت بە ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی لە زانکۆکانی کوردستان، بۆئەوەی ببێتە بەشێک لە پرۆسەی خوێندن، هەروەها ئەم سەنتەرانە کاردەکەن بۆ ئەنجامدانی خولی ڕاهێنان و فێرکردنی بەردەوام لەبارەی داهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی. لەهەمان کاتدا کارئاسانی دەکەن بۆ ڕێکخستنی ئەو چالاکیانەی کە پەیوەندیدارن بە پراکتیزەکردنی بیرۆکەی داهێنەرانە و دروستکردنی مۆدێلی نوێی کارسازی بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان.

بۆ ئەم مەبەستە بە ئامادەبونی تیمی ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و نوێنەری کونسوڵگەری گشتی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ڕێکخراو (IREX) ی ئەمەریکی لە دیوانی وەزارەتی خوێنندنی باڵا، کۆبونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ ئەو مامۆستایانە ئەنجام درا کە بەسەرکەوتویی بەشداری کۆرسی پەرەپێدانی توانای کارسازی زانکۆی (MIT)یان کردوە.

لەو کۆبونەوەیەدا باس لە داڕشتنی نەخشەڕێگای چالاکییەکانی سەنتەرەکانی پەرەپێدانی توانای کارسازی کرا، بە تایبەت داڕشتنی پرۆگرامی خوێندن بۆ بابەتی کارسازی و ئاوێتەکردنی لەگەڵ پرۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشەکانی زانکۆکانی کوردستان.

ئەم پرۆژەیە لەلایەن ویلایەتەیەکگرتوەەکانی ئەمەریکا و کونسوڵگەری گشتی ئەم وڵاتە لە هەوڵێر پشتیوانی دەکرێت و بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ڕێکخراوی (IREX) و زانکۆی (MIT) جێبەجێ دەکرێت.

جێگەی ئاماژە بۆ کردنە زانکۆی (Massachusetts Institute of Technology) (MIT) لە زانکۆ هەرە ئاست بەرزەکانی جیهانە و لە ڕیزبەندی نێودەوڵەتی (شانگهای) لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی سێیەم دایە و بڕیارە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بۆ جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی کوردستان کار بکات.