Skip to the content

کۆبوونەوەیەکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم و ليژنەى خوێندنى باڵا لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەڕێوە چوو

ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى 24ى شوباتى 2024، لە شارى هەولێر کۆبوونەوەیەکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیى حکومەتی هەرێمی کوردستان و ليژنەى خوێندنى باڵا لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بەڕێوە چوو، تيايدا پرسى بابه‌ته‌ هاوبه‌شه‌كانى هه‌ردوولا، بەتایبەت ئەو پرسانەى پەیوەندی بە زانکۆ تایبەتەکانەوە هەیە، باسيان لێوه‌ كرا.
هەریەکه‌ لە د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکارى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، و د. موزاحم ئەلخەیات سەرۆکى ليژنەى خوێندنى باڵا لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و شاندى هاوبەشى هەردوولا، باسیان لە چەندین پرسى هاوبەش و گرنگ کرد و هاوکاری و هەماهەنگی و ڕێگه‌کانی گەیشتن بە ئامانجە زانستی و ئەکادیمییەکان، بە شێوەیەک لەگەڵ ستاندارە نێودەوڵەتییەکان بگونجێت، گه‌نگه‌شه‌يان له‌باره‌وه‌ كرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک سەرۆکى زانکۆ تایبەتەکانى هەرێم و بەڕێوەبەرى گشتيى توێژینەوە و پەرەپێدان و پەرلەمانتارانى ليژنەى خوێندنى باڵا لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ئامادەی بوون، گرنگيی دانانی ستاندار و پێوەرى زانستى و بەرزکردنەوەى کوالێتی خوێندن و متمانەبەخشین لە زانکۆ تایبەتەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان، و هاوكارى و كارى هاوبه‌ش جەختى لەسەر کرایەوە.
لە گوتەکەیدا بریکارى وەزارەت ڕایگەیاند: زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی و زانستییان دەکەن، بۆ ئەمەش بەپێى دوایين ڕیزبەندە نێودەوڵەتییەکان، زانکۆکانى هەرێمى کوردستان به‌ حكومى و تايبه‌ته‌وه‌ لە پێشەنگى زانکۆکان دان، بەتایبەت لەسەر ئاستى عێراقدا، و هانى سەرجەم زانکۆکانمان دەدەین پەرە بە توانا زانستییەکان و پێشکەوتنە جیهانییەکان و بەدەستهێنانى متمانەى نێودەوڵەتى بۆ بەش و کۆلێژەکانیان بدەن، و باشتر لەسەر نەخشەى ئەکادیمیاى جیهانى دەربکەون.
لە کۆتایيى کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی پتەوکردن و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ژینگەی کاری هاوبەش لەنێوانیان کردەوە.