وەزارەتى خوێندنى باڵا خەڵاتى ڕێزلێنان پێشکەش بە باشترین توێـژەرە کاریگەرەکانى زانکۆکـانى کـوردستان دەکات
لە ڕوانگەى گرنگیدان بە توێژەران و توێژینەوەى زانستى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە مەراسیمێکى تایبەت و شایستەدا بڕوانامەى ڕێزلێنانى پێشکەش بە هەموو ئەو توێژەرانەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد، کە ناویان لە لیستى باشترین توێژەرانى جیهانى لە زانکۆى (ستانفۆرد) بۆ ساڵى (2023) هاتووە.
لەو مەراسیمەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (15/01/2024) لە هۆڵى کۆبونەوەکانى هۆتێل شیراتۆن لە شارى هەولێر، بەچاودێرى و ئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و فەوزى هەریرى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرۆکى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و میوانان و توێژەران بەڕێوەچوو، لە سەرەتادا ئامادەبوان ساتێک بێ دەنگیان بۆ گیانى پاکى شەهیدان نواند، پاشان چەند وتارێک بەو بۆنەیەوە پێشکەش کران.
لەو چوارچێوەیەدا دواى بەخێرهێنان ئامادەبوان لەلایەن د. ئەمیر چالى ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ کاروبارى توێژینەوەى زانستى کورتەیەکى لەبارەى ڕیزبەندى زانکۆى (ستانفۆرد) و چۆنیەتى هەڵبژاردنى توێژەرەکان کرد و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ ڕێز لە (٢٩) توێژەر لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان دەنێین، کە ناویان لە لیستى (٢ %) باشترین توێژەرانى جیهاندا هاتوە، پاشان چەند داتایەکى لەبارەى توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان لە سکۆپەس خستەڕوو، بۆ ئەوەش ووتى (٦٥١٤) ناویان تۆمار کراوە، لەهەمانکاتدا توانراوە (١٢٨٥٣) توێژینەوە بڵاوبکەنەوە، هەروەک لەسەر ئاستى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بە بارودۆخى توێژینەوەى زانستى و دیاریکردنى نەخشەڕێى کارى داهاتوى توێژینەوە لە کوردستان کرد.
پاشان د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرد، لە سەرەتاى وتارەکەیدا وتى: دەمەوێت سوپاس و پێزانین و ڕێزلێنانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بگەێنم بەو توێژەرانەى کە لە ئەنجامى کارە زانستیە ناوازەکانیان توانیویانە ناویان بچێتە ڕیزبەندى باشترین توێژەرانى جیهانى لە زانکۆى ستانفۆرد بۆ ساڵى (٢٠٢٣).
لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: ئەو (٢٩) توێژەرەى ئەمڕۆ ڕێزلێنانیان پێشکەش دەکەین، ئەوەمان پیشان دەدەن، کە وەزارەت و زانکۆکان لەسەر ڕێگەیەکى ڕاستن، چونکە لە ماوەى ڕابردودا سەربارى ئەو هەموو ئاڵنگاری و قەیرانە زۆرانەى ڕوبەڕوى هەرێمەکەمان بوەوە، بەڵام توێژەران هەوڵى بەردەوامیان داوە و کۆڵیان نەداو و توانیان ئەو سەرکەوتنەى ئەمڕۆ بەدى بهێنن، دوپاتیشیکردەوە، ئەم دەسکەوتە پڕ بایەخە تەنها بۆ توێژەران نیە، بەڵکو بۆ تەواوى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان و زانکۆکانە، هەروەک وەڵامێکى ڕاست و زانستیە بۆ ئەو دیدە ڕەشبینانەیە، کە پێیان وایە زانکۆکان تەنها بڕوانامە دەبەخشنەوەو لە دەرەوەى پێوەرە نێودەوڵەتیەکان کارەکانیان دەکەن، بۆیە سوپاس و دەستخۆش لە توێژەران و مامۆستایانى زانکۆکانمان دەکەین.
د.ئارام محمد قادر لایەنێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ پاراستنى نەزاهەى ئەکادیمى و لەو بارەیەوە وتى: لەم بۆنە زانستیەدا گرنگە هەڵوەستە لەسەر نەزاهەى ئەکادیمى بکەین و کارى جدى لەسەر بکەین، چونکە بینیمان لە ماوەى ڕابردودا لەسەر نەزاهەى ئەکادیمى سەرۆکى مەزنترین زانکۆى دونیا، زانکۆى هاڤارد دەستى لە کار کێشایەوە، بۆیە زۆر گرنگە بۆ پاراستنى ناو و ناوبانگى توێژەران و کۆمەڵگەى ئەکادیمى بەجدى هەڵوەستە لەسەر نەزاهەى ئەکادیمى بکەین، بۆ ئەوەش داواى لە توێژەران کرد لەو بوارەدا هاوکارى وەزارەت بن بۆ ئەوەى بتوانن ئایندەیەکى باشتر بۆ توێژینەوەى زانستى لە کوردستان دیارى بکەن.
لە تەوەرێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە چۆنیەتى بەستنەوەى ناوەڕۆکى توێژینەوەى زانستى بە گرفتەکانى کۆمەڵگە کرد و لەو بارەیەوە وتى: زۆر گرنگە توێژەران لە توێژینەوەکانیانداو لە ئیمپاکت فاکتەردا بایەخ بە کێشە و گرفتەکانى کۆمەڵگەکەمان بدەن، وتیشى ئیمپاکتە فاکتەرى ڕاستەقینەى توێژینەوەکانمان ئەوەیە، کە تایتڵ و توێژینەوەکانمان ببەستینەوە بە گرفتە سەرەکیەکانى کۆمەڵگەکەمان لەسەرجەم بوارەکانى زانستى مرۆیی و پەتى و پزیشکى و ژینگەییەکان تا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بتوانن کارى لەسەر بکەن.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ بایەخدان بە توێژینەوەى زانستى لەلایەنە جیاکان، بۆ ئەوەش هیواى خواست هەموان پێکەوە هەرێمى کوردستان بکەنە ئەو شوێنەى کە بایەخى توێژینەوەى دەزانى و وڵات بکەنە سەر ڕێگەى ڕاستى و لەسەر بنەماى توێژینەوەى زانستى کار بکات، ئەوەش بە سود وەرگرتن لەو توانا زۆر و باشەى کە لە زانکۆکان هەیە، وتیشى ئەم توێژەرانە نموونەى توێژەرانى زانکۆکانمانن، وتیشى لە ماوەى چوار ساڵى ڕابردودا گرفتى زۆرمان هەبوو، قەیرانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ قوڵتر دەبونەوە، هەر ئەوەندەمان پێ دەکرا، کە توانیمان کارەکانمان ڕایى بکەین، بەڵام ئەوەى پێمان سپێردرا توانیمان بەو ئەوپەڕى ڕاستگۆییەوە جێبەجێى بکەین، دوپاتى کردەوە؛ کە لە بوارى توێژینەوەى زانستى بەتایبەت لە وەزارەت کارمان کردوە بۆ کاراکردنى ئەنجومەنى باڵاى توێژینەوەى زانستى، بۆ ئەوەى توێژینەوە لە شوێنێکى سەلامەت و باشتر بێت.
لە وتەیەکیشدا د. سیروان بابان ڕاوێژکارى زانستى لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان وەک یەکێک لە توێژەرە کاریگەرەکان، وتەیەکى پێشکەش کردو بە داتاو ئامار تیشکى خستە سەر گرنگى توێژینەوەکان.
دواتر پانێڵێک لەبارەى دۆخی ئێستاو ئایندەی توێژینەوە لە هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا، لە کۆتایشدا، لەلایەن د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕوانامەى ڕێزلێنان بەسەر باشترین ئەو توێژەرانەى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا، کە ناویان لە لیستى باشترین توێژەرانى جیهانى لە زانکۆى (ستانفۆرد) بۆ ساڵى (2023) هاتووە، کە ژمارەیان (٢٩) توێژەر بوو لە زانکۆ حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان.