Skip to the content

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا یەکەم کۆبونەوەى لە ساڵى نوێ ئەنجامدا

بەسەرپەرشتى د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجومەنى وەزارەت یەکەمین کۆبوونەوەى ئاسایی خۆى لە ساڵى نوێ ئەنجام داو تیایدا پلان و بەرنامەى وەزارەت بۆ ساڵى نوێ و پرۆژە ئەکادیمییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

رۆژی دوشەممە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆ حکومییەکان و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گرنگرترین پرۆژەو پلانە ستراتیژییەکانى وەزارەتى بۆ ساڵى نوێ خستەڕوو و رایگەیاند: ''درێژەدان بە هەنگاوە زانستییەکان بۆ پەرەپێدانى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیی لە هەرێمى کوردستان و کارکردن بۆ ڕاگەیاندنى ڕاوندێکى نوێى خوێندنى باڵا و پەرەپێدانى ئاستى زانستى زانکۆکانى کوردستان و بایەخدانى دانى زیاتر بە توێژینەوەى زانستى و توێژەران لەسەر ئاستى دونیا و گرنگیدانى زیاتر بە سەنتەرەکانی زمان لە زانکۆکانى کوردستان، بەشێکی دیکە دەبێت لە ئەرکە لە پێشینەکانی وەزارەتمان و لەمساڵدا کارى لەسەر دەکەین.''

لەبەشێکى تری کۆبونەوەکەدا چەندین تەوەر و بابەتی پەیوەست بە لایەنە زانستى و ئەکادیمى و کارگێڕى و دارییەکان لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی گفتوگۆیان لەبارە کراو بڕیارى پێویستیان بۆ درا.