Skip to the content

٤٨ کاندیدى هەرێمى کوردستان لە سکۆلەرشیپى حکومەتى عێراق بۆ خوێندن لە دەرەوەى وڵات سەردەکەون

لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونى د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ٤٨ کاندیدى هەرێمى کوردستان کە لە سکۆلەرشیپى حکومەتى عێراق بۆ خوێندن لە دەرەوەى وڵات سەرکەوتوو بوونە، ڕێزیان لێ گیرا، کە ئەمەش هەنگاوێکە لە پێناو پێشخستن و گەشەپێدانى رەوتى پرۆسەى خوێندنى باڵا و ئاستى زانستى لە عێراق و هەرێمى کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەمە رێکەوتى (2024/1/29) بە ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاری خوێندنی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیران و ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرانى گشتى و کاندیدانى سەرکەوتوو، ڕێوڕەسمى پیرۆزبایی لە کاندیدانى سەرکەوتووى هەرێمى کوردستان لە سکۆلەرشیپى لێژنەى باڵاى گەشەپێدانى خوێندن HCED بۆ خوێندن لە دەرەوەى وڵات بەڕێوە چوو.

لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى پیرۆزبايی لە کاندیدانى سەرکەوتوو، سوپاسى سەرۆکوەزیرانى عێراقى کرد بۆ ئەم پرۆژە گرنگە بە مەبەستى دابینکردنى سکۆلەرشیپى خوێندن بۆ کوڕان و کچان و رەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆیان. بۆ ئەمەش گوتى، ئێمە لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هەموو شێوەیەک پشتیوان و هاوکارتان دەبین بۆ ئەوەى لە زانکۆ ئاستبەرزەکانى دونیا بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و بە ئاستێکى بەرزى زانستییەوە بگەڕێنەوە بۆ خزمەتى وڵاتەکەمان.

لە درێژەى گوتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا گوتى، حکومەتى هەرێم لە چوارچێوەى بەرنامەى تواناسازی، زیاتر لە (٣٥٠٠ )کاندیدى ناردووەتە دەرەوە بۆ خوێندن و لە ژمارەیەشدا نزیکەى ٣ هەزاریان گەڕاونەتەوە و لە ئێستادا سێکتەرە جیاوازەکان خزمەت دەکەن، هەروەها لە چوارچێوەى پشتگیرییەکانى دیکەى حکومەتدا مۆڵەتى خوێندن لەنێوان ساڵى (٢٠٠٦) تاکوو (٢٠٢٣) تەنها لە وەزارەتى خوێندنى باڵادا نزیکەى ٤ هەزار کەس مۆڵەتیان وەرگرتووە و نێردراونەتە دەرەوە، کە زۆربەیان لەسەر ئەستۆى خۆیان چوونەتە دەرەوە و ساڵانە دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش تەنها ساڵى ڕابردوو ١٣٠٠ فێرخواز یەکسانکردنى بڕوانامەیان بۆ کراوە، ئەوانەشى کە لە دەرەوە خوێندنیان تەواو کردوە بە دڵنایی ئێمە وەک سەرماییەکى مرۆیی تەماشایان دەکەین و رۆڵیان لەناو سێکتەرى خوێندنى باڵا و دامەزراوەکانى دیکە جێى پێزانینە.

لە گوتەیەکیشدا د. یاسین ساڵح، بەڕێوەبەرى گشتىی فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان، ئاماژەى بە هەوڵەکانى فەرمانگەکەى کرد بۆ ئەنجامدانى ئاسانکارى بۆ فێرخوازان بەمەبەستى تەواوکردنى خوێندنى باڵا لە دەرەوەى وڵات و ئەم هەنگاوەشى بە دەستپێکێکى نوێ بۆ خزمەتکردنى بە تەواوى سێکتەرەکان دایە قەڵەم و ڕایگەیاند، هاوکار و هەماهەنگتان دەبین و بۆ سەرکەوتنتان لە پرۆسەى خوێندن.

دواتریش هەریەک لە د. محەممەد حوسێن، سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پرۆفیسەر ئیان گیپسلی سەرۆکی زانکۆکانی سکۆتلەنداو د. جەیسن نۆریس بەڕێوبەری هەماهەنگی هاوبەشی جیهانی زانکۆی دەندی سکۆتلەندى و د. یاسین ساڵح بەڕێوەبەرى گشتىی نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان، لە پانێڵێکدا بە ناونیشانى (گرنگیی خوێندن لە دەرەوەی وڵات بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییە کلتووری و ئەکادیمییەکان) ئاماژەیان بە گرنگىی رەخساندنى دەرفەتى خوێندن کرد بۆ فێرخوازانى هەرێمى کوردستان.