Skip to the content

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادەکاری بۆ دیداری زانکۆکانی کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان دەکات

لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، د. ئارام محەممەد قادر، ئه‌نجامەکانى سەردانى شاندى وەزارەتى بۆ وڵاتى تورکیا خستە ڕوو، لەو چوارچێوەیه‌شدا ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکاندا دیدارى هاوبەشى نێوان تورکى - کوردى، و واژۆکردنى یاداشتێکى لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا، بڕیارى لەبارەوە درا، هاوکات پیرۆزبایى لە زانکۆى سەلاحەدین - هەولێر کرد لە ئیندێکس کردنى گۆڤارەکەیان لە سکۆپەس.

ڕۆژى سێشەممە ڕێکەوتى 30ى ته‌ممووزى 2024، بە سەرپەرشتيى د. ئارام محەممەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرۆک زانکۆکان، کۆبوونەوەى ئاسایيی ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە هۆڵى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەن لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوە چوو.

لە دەستپێکى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دەستخۆشى لە زانکۆى سەلاحەدین - هەولێر و ستافى زانکۆکە کرد، بۆ ئیندێکس کردنى گۆڤارەکەیان لە سکۆپەس، بۆ ئەوەش سوپاسى ستافى گۆڤارەکەى کرد و ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوانە ئاماژەى زانستیی گرنگن، کە لە خوێندنى باڵاى هەرێم بەدەست دێن و، داواشى کرد ئەو سیاسەت و روئیایە بخرێتە گەڕ بۆ سەرجەم زانکۆکان، گوتیشى: پێشوتریش هەردوو زانکۆى گەرمیان و زانکۆى کۆیە هەمان دەستکەوتى زانستيى گرنگیان بەدەست هێناوە، ئەمانەش جێگەى سوپاس و پێزانینن و دەستکەوتى زانستى و ئەکادیمیی گرنگن و جێگەى شانازى ئەکادیمیستانن لە هەرێمى کوردستان.

لەبارەى سەردانکردنى شاندى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان بۆ وڵاتى تورکیا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى: لەسەر داواى وەزارەتى خوێندنى باڵاى وڵاتى تورکیا، هەفتەى ڕابردوو بە ئامادەبوونی وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان و شاندێکى باڵاى وەزاره‌تمان سەردانى ئەو وڵاتەمان کرد، لەم سەردانەدا وەزیر و بەرپرسانی خوێندنی باڵای کۆماری تورکیا بە گەرمی پێشوازییان لە شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان کرد. لە گفتوگۆکاندا باس لە پەیوەنديی مێژوویی و کولتووری و ئابووری نێوان هەردولا کرایەوە، لەم چوارچێوەیەدا بڕیارە دیداری هاوبەشى زانکۆکانی کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، هەروەها لە ئاییندەی نزیکدا یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا واژۆ دەکرێت.
د. ئارام محەممەد قادر گوتیشى: لەو سەردانەدا ژمارەیەک سکۆلەرشیپ، لەلایەن دامەزراوەی (YTB)، پێشکەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان کرا، بۆ ئەوەش وەزیری خوێندنی باڵا زانکۆکانى ڕاسپارد کە هەوڵ بدەن بۆ بەهێزکردنى ئەو پەیوەندییانە، هاوکات وەزیرى خوێندنى باڵا سوپاسى ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان کرد، کە لەو سەردانەدا یاوەرى وەفدى وەزارت بوو، ڕۆڵی ئه‌رێنيى ناوبراو بەرز نرخێندرا.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، زانکۆکانى ڕاسپارد کە دەبێت هەنگاوەکان چڕ بکەنەوە، بۆ بەستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن و بەشە زانستییەکانی زانکۆکان بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووريی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەش دەبێت زانکۆکان هەنگاوی جدی بنێن بە ئاراستەی فراوانکردنی پانتاییی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی و ڤۆکەیشنەڵ، لەم چوارچێوەیەشدا وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: لە سەرەتاى مانگى نۆ (ئه‌يلوول)ى ئەمساڵ کۆنفرانسێکی تایبەت بە پەرەپێدانی پرۆگرامەکان ئەنجام دەدرێت، هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕێنماییەکانى خوێندنى پیشەیى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان پەسەند کرد. هەروەها ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی ڕاسپارد بۆ ئەنجامدانی ڕووپێوی زانستیی ساڵانەی پێویستییەکانی بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان.

له‌ کۆتایيی کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزارەت، چەند تەوەرێکى دیکەى زانستيى تایبەت گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیارى پێویستیان لێ درا.