Skip to the content

ئارام محه‌مه‌د قادر: بۆ ئەمساڵیش زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى بۆ کوڕان و کچانى وڵاتى خۆمان دەڕەخسێنین

ڕۆژى دووشەممە  ١ى ته‌مووزى ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتيى د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بەڕێوەبەرى گشتيى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى گشتيى کارگێڕى و دارایى، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆکان و بەڕێوەبەرى تۆمارى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوە چوو، لەکۆبوونەوەکەدا پلان و ئامادەکارییەکانى وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیيان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤ - ٢٠٢٥) گفتوگۆى لەبارەوە کرا.

لە سەرەتادا وەزیرى خوێندنى باڵا هیواى سەرکەوتنى بۆ قوتابیيان و خوێندکارانى قۆناغى دوازده‌ى ئامادەیی خواست، کە لە ئێستادا لە نێو پرۆسەى تاقیکردنەوەکاندان، دواتر سوپاسى مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکان و بەڕێوەبەرایەتيى تۆمارى زانکۆکانى کوردستانى کرد، بۆ ماندووبون و شەونخوونیيان و خزمەتکردن بە نەوەى داهاتووى هەرێمەکەمان و سەرکەوتنى پرۆسەى وەرگرتن.

د. ئارام محه‌مه‌د قادر دووپاتی کردەوە ئامانج لەم کۆبوونەوەیە دانانى میکانیزم و پلان و ئامادەکارییە بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک هاوتەریب بێت بۆ سوودى دەرچووان و پێداویستیيەکانى بازاڕى کار، بۆ ئەمەش گوتى: بۆ یەکەم جار لە مێژوى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، لە ماوەى ساڵانى ڕابردوو، توانیمان زۆرترین ڕێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچووانى دوازده‌ى ئامادەیى بە خۆڕایی لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان بکەین و هەلى گونجاوى خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان، بۆ دەرچووان بڕەخسێنین و لانى کەمى ڕەنگدانەوەى دادپەروەرى و شەفافیەت و یەکسانى بێت لە نێوان کوڕان و کچانى هەرێمەکەمان.

وه‌زيرى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى دوپاتیشی کردەوە، وەزارەت بە ڕەچاوکردنى کوالێتيى خوێندن و لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، ئەمساڵیش زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى بۆ ده‌رچووان، لە زانکۆ و پەیمانگەکان فەراهەم دەکات، بۆ ئەمەش داواى لە زانکۆکان کرد، هەموو تواناکانى خۆیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەى زۆرترین دەرفەتى خوێندن لە ناوخۆ بڕەخسێنن، لەبارەى پرسى دارایى و بارودۆخى قوتابیيان و خوێندکاران، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕايگەیاند: بەهۆى داشکان لە کرێى خوێندن، ساڵانە دەیان ملیار دینار بۆ خانەوادەى خوێندکاران و قوتابیيان گەڕێندراوەتەوە، ئەمەش لەو پێناوەى پارە نەبێتە ڕێگر لەبەردەم بەدیهێنانى خەون و خولیاکانى گەنجانمان، بەڵێنیش دەدەین بە هەمان سیاسەت و ستراتیژ بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردن بە ڕۆڵەکانى وڵاتى خۆمان، بۆیە وەک ساڵانى پێشوو ڕێگە نادەین پرسى دارایى ببێتە هۆکار بۆ لەبارچوونى خەونى لاوەکانمان.

سەبارەت بە پرۆسەى گواستنەوە و دابەزین لە نێوان زانکۆکان، کە لە داهاتوویەکى نزیکدا دەست پێ دەکات، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەرجەم زانکۆکانى ڕاسپارد بەوپەڕى لە خۆبردوويى و دڵسۆزییەوە، هاوکاريى ئەو فێرخوازانە بکەن کە دەیانەوێت پرۆسەى گواستنەوە و دابەزین لە نێوان زانکۆکان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەى لە نێو خانەوادەکانیان بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا لەلایەن بەڕێوبەرى گشتيى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن و بەڕێوەبەرى تۆمارى گشتيى زانکۆکان، گفتوگۆ لەبارەى شێواز و بابەتەکانى تایبەت بە گواستنەوە و دابەزین و وەرگرتن بۆ ساڵى نوێى خوێندن کرا و بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.