Skip to the content

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا؛ بۆ ساڵى نوێى خوێندن داشکاندن لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران بەردەوام دەبێت

بە سەرپەرشتیى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا لە زانکۆى سۆران چەند بڕیارێکى گرنگى دەرکرد.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆکانى کوردستانى ڕاسپارد ئامادەکارى بکەن بۆ ئەوەى هاوشێوەى ساڵانى ڕابردوو، زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى دوازدەى ئامادەیی لە خوێندنى حکومى بڕەخسێنن، هەروەها بەهەمان ڕێژەى ساڵانى ڕابردوو، داشکاندن لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران ئەنجام بدەن، ئەویش لەپێناو پشتیوانیکردنى خوێندکاران و قوتابییان و خانەوادەکانیان، بۆ ئەوەى پرسى دارایی نەبێتە ڕێگر لە بەردەم خەونەکانیان، هەروەها بە ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاری دا، سەرجەم زانکۆکان هیچ بڕە پارەیەک لەبرى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە خوێندکاران و قوتابییانی خوێندنى باڵا وەرنەگرن.

ڕۆژی سێشەممە ٩ی تەممووزی ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونى بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و سەرۆکی زانکۆکان، کۆبوونەوەى ئاساییی ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە زانکۆى سۆران بەڕێوە چوو.

لە دەستپێکدا د. ئارام محەمەد قادر، دەستخۆشى لە زانکۆى سۆران و ستافى زانکۆ کرد، بۆ میوانداریکردنى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، بۆ ئەمەش گوتى؛ بە بۆنەى کۆتاییهاتنى ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، دەستخۆشى و سوپاسى سەرجەم زانکۆکانى کوردستان دەکەم. ئاماژەى بە ئامادەکارییەکان کرد بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) و دەرفەت و ئاڵنگارییەکان، بە تایبەت پێشوازیکردن لە دەرچووانى دوازدەى ئامادەیی و ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندنى گشتى و یەکسان و دادپەروەر بۆ هەمووان. 

هەر لە گوتەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا دووپاتی کردەوە، لە ساڵانى ڕابردوو بە هاوکاریى ئێوە و ستافى زانکۆکان، توانیمان سەرکەوتنى گەورە لە پرۆسەى وەرگرتن بەدەست بهێنین، بۆ ساڵى نوێش، هەموو تواناى وەزارەت و زانکۆکان دەخەینە گەڕ، بۆ ڕەخساندنى زۆرترین دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچووانى دوازدەى ئامادەیی و دانانى میکانیزم و پلان بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک هاوتەریب بێت بۆ سوودى دەرچووان و پێداویستییەکانى بازاڕى کار. بۆ ئەمەش داواى لە زانکۆکان کرد لە پلانى وەرگرتندا، هەموو تواناکانى خۆیان بخەنە گەڕ، بۆ ئەوەى ئەمساڵیش زۆرترین دەرفەتى خوێندن لە ناوخۆ بڕەخسێنن.

لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى زانکۆکانى ڕاسپارد ئەوانەى تاکوو ئێستا پلانى خوێندنى باڵایان ئامادە نەکردووە و بۆ وەزارەت نەیان ناردووە، پێویستە بە زووترین کات پلانەکانیان بۆ کردنەوەى ڕاوندى نوێى خوێندنى باڵا و خوێندنى سپلیت سایت بۆ وەزارەت بەرز بکەنەوە، بە مەبەستى تەواوکردنى ئامادەکارییەکان، بۆ کردنەوەى ڕاوندێکى نوێى خوێندنى باڵا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان.

لە تەوەرێکى دیکەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێنماییی گۆڤارە زانستییەکانى زانکۆکانى کوردستانى بە وەرگرتنى چەند تێبینییەک پەسەند کرد، ئامانج لەم ڕێنماییە بۆ زیاتر ڕێکخستنى مەرجەکانى پێدانى مۆڵەتە بە گۆڤارى زانکۆکان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستیى گۆڤارەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، کە بگونجێت لەگەڵ پێوەر و ستانداردەکانى گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاری دا سەرجەم زانکۆکان هیچ بڕە پارەیەک لە برى پێدانى بەشى ناوخۆیی بە قوتابییان و خوێندکارانى خوێندنى باڵا (دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا) وەرنەگرن.

لە بەشى کۆتاییی کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزارەت، چەند تەوەرێکى دیکەى زانستى، تایبەت بە کاروبارى زانکۆکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بڕیارى پێویستیان لێ درا.