د. ئارام محمد قادر؛ دیدارى هاوبەشى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا ئەنجام دەدرێت
لەسەر بانگهێشتنامەى فەرمى ئەنجومەنی خوێندنى باڵاى تورکیا (یۆک)، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەسەردانێکى فەرمى لە وڵاتى تورکیایە، لە کۆبونەوەى لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی خوێندنى باڵاى تورکیاش، بڕیاردرا کاربکرێت بۆ ئامادەکردنى یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا بۆ ئەنجامدانى دیدارى هاوبەشى زانستى نێوان خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان و تورکیا.
ئەمرۆ سێشەممە ڕێکەوتى (2024/7/23) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە هاوڕێیەتى ئایدن مەعروف وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان و بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرانى گشتى، لەگەڵ (Erol Ozvar) سەرۆکى ئەنجومەنى خوێندنى باڵاى تورکیا (یۆک) کۆبۆوە، کە بەرزترین دەسەڵاتى خوێندنى باڵایە لەناو دەوڵەتى تورکیا.
لە کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵاى تورکیا دواى بەخێرهێنانى وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم و وەفدى یاوەرى ، خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە فراوانبونى ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وەزارەت و زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى وڵاتەکەی و هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش هیواى خواست ئەم دیدارانە ببنە هۆى کرانەوەى زیاتر و پتەوکردنى پەیوەندییەکان بۆ ئاستێکى فراوانتر، بەتایبەت بۆ ئاڵوگۆرى ستافى ئەکادیمى و پێدانى سکۆلەرشیپ بەوەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم.
لە بەرامبەردا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان،سوپاسى ئەم پێشوازییە گەرمەى وڵاتى تورکیا و ئەنجومەنی خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتەی کردو هیواى خواست ئەم سەردانە کارى گرنگى زانستى و مەعریفى گەورەتری بەدوادابێت و پەیوەندییە زانستیەکانی نیوان هەردو لا گوڕوتینی زیاتر بەخۆیانەوە ببین و بۆ ئەمەش ئاماژەى بە پەیوەندییەکانى نێوان دامەزراوەکانى هەردولا کرد بەتایبەت رەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ خوێندکاران و قوتابیانى هەرێمى کوردستان لە زانکۆ بەناوبانگەکانى وڵاتى تورکیا، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: سیستمى خوێندنى وڵاتی تورکیا بەلاى ئێمە گرنگە، چونکە لە ناوچەى خوێندنى بۆلۆنیا پرۆسێس دایە.
هەر لە وتەیەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا پشتیوانى تەواوى خۆى نیشاندا بۆ داواکاری وەزیری خویندندنی باڵای تورکیا بۆ ئامادەکردنی یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردولا بەمەبەستى قوڵبونەوەى زیاتر و پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندییە زانستییەکانی نێوان هەردوو وەزارەت و زانکۆکانى هەردولا، بۆ ئەمەش بڕیاردرا لە داهاتو یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی فرە رەهەند واژو بکەن و هەروەها بڕیاریشدرا کە دیدارى هاوبەشى نێوان خوێندنى باڵاى کوردستان و وڵاتی تورکیا ئەنجامبدرێت و تێگەیشتنى زیاتر لە نێوان هەردوو سیستمى خوێندن و ئاستى پەیوەندییەکان بڕیارى زیاتر و لێک نزیکبونەوەی باشتری لەبارەوە بدرێت.
لەو سەردانەیدا وابڕیارە وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وشاندی یاوەری لەوڵاتى تورکیا چەند زانکۆ و دامەزراوەیەکى گرنگى زانستى ئەم وڵاتە بەسەر بکەنەوە…