وەزارەتى خوێندنى باڵاى شانشینی ئوردن بە فەرمى وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم بانگهێشتی وڵاتەکەیان دەکەن
ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٤، د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازی لە فوئاد خازر ئەلمەجالی، کونسولى گشتیى شانشینى هاشمى ئوردن لە هەرێمى کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا بە شێوەیەکى فەرمی بانگهێشتنامەی وەزیرى خوێندنى باڵاى ئەو وڵاتە پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم کرا، بۆ سەردانیکردنى شانشینی ئوردن، لەپێناو زیاتر پەرەپێدانى پرۆژە ئەکادیمی و زانستییەکانى نێوان زانکۆ و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى وڵاتى ئوردن.
لە دیدارەکەدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، لە گوتەیەکدا د. ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئوردن پەیوەندى بەهێز و دێرینن، ئێمە کار بۆ قووڵکردنەوە و بەهێزکردنى زیاترى ئەو پەیوەندییانە دەکەین، ئەمەش لە چوارچێوەى ئەو پەیوەندییە مێژووییەى هەردوو گەل کە خاوەن مێژوو و کولتوورێکى دەوڵەمەندن، وەزیرى خوێندنى باڵا جەختی لە سەرکەوتنى دیداری خوێندنی باڵای ئوردن - کوردستان کردەوە.
لەلایەن خۆشیەوە کونسولى گشتیى ئوردن لە هەرێمى کوردستان، کورتەیەکى لەبارەى دەرەنجامە گرنگەکانی دیدارە هاوبەشەکە خستە ڕوو، هەروەها سەرکەوتنى دیدارەکەى بە دەستکەوتێکى گرنگى زانستى نێوان هەردوولا لە قەڵەم دا، لەو چوارچێوەیەشدا گوتى: دیداری زانکۆکانی هەرێم و شانشینی ئوردن توانى هەنگاوى کرداریى باش جێبەجێ بکات و ئاستى هەماهەنگى و پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لە نێوان دامەزراوەکان زیاتر بەرەوپێش ببات، هاوکات بووە هۆکارى دروستکردنى پەیوەندیى ڕاستەوخۆى دامەزراوە زانستییەکانی هەردولا.
هەر لە دیدارەکەدا کونسولى ئوردن بە شێوەیەکى فەرمى بانگهێشتنامەی وەزیرى خوێندنى باڵاى وڵاتى ئوردنى، پێشکەش بە وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم کرد، بۆ سەردانکردنى ئەو وڵاتە.