ژمارهيهك مامۆستاى زانکۆکانى کوردستان خولى سێيەمى پێداگۆجيیان تەواو کرد
ڕۆژى دووشەممە ٨ى تهممووزى ٢٠٢٤، بە چاودێری و ئامادەبوونى د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی و ژمارەیەک لە سەرۆکى زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و ڕاوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرانى گشتى و بەڕێوەبەری سێنتەرەکانی پێداگۆجی، ڕێوڕەسمی ئاهەنگی دەرچوونی خولی سێيەمی بەشداربووانی ڕاهێنانی پێداگۆجی لەگەڵ زانکۆی (HAMK)ى فينلەندی لە هۆتێل هەولێرى نێودەوڵەتيى بەڕێوە چوو.
مهراسيمهكه بە گوتاری بەخێرهێنان لەلایەن د. ژاڵە سەعید خەتات، بەڕێوەبەریی گشتيی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان دەستی پێ کرد، هەروەها کورتەیەکیشى لەبارەى خولى سێيەمى بەشداربووانى ڕاهێنانى پێداگۆجى، لە ڕووى ڕێژەى بەشداربووان و سەرکەوتنى ڕاوندەکە پێشکەش کرد.
لە گوتەیەکدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى پیرۆزبایيی لەو ٤١ مامۆستایە کرد، کە بڕوانامەی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنن و بۆ ماوەی شەش مانگ لەسەر کۆمەڵێک چەمک و کۆنسێپتی نوێی پێداگۆجيی مۆدێرن ڕاهێنانیان وەرگرتووە، بۆ ئەمەش دەستخۆشی و سوپاسی خۆی گەیاندە هەموو ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بە سەرخستنی پرۆسەکە هەبووە. بە تایبەت سپۆنسەرەکانی ئەم پرۆگرامە، هەریەک لە زانکۆکانى لوبنانی فەرەنسی، نەورۆز، قەیوانى نێودەوڵەتی و گەشەپێدانی مرۆیی.
د. ئارام محمد قادر گوتیشى: لە سەرەتاى کارەکانمان، ئەم پرۆگرامە لە قۆناغەکانی سەرەتایيدا بوو، بۆ ئەمەش هەموو پشتیوانییەکی سەرکەوتن و بەردەوامیمان پێشکەش کرد. ڕێنمایيی توندوتۆڵمان بۆ پارێزگاریکردنی دانا، جەختیشى کردەوە لە باوەڕی نەگۆڕمان بە کۆنسێپتی (قوتابی/ خوێندکاری سێنتەری) و دەبێت ئێستا زياتر لە هەموو کات دەرفەتی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و داهێنان و پەرەپێدانی توانای کارسازی بۆ فێرخوازهكانمان بڕەخسێنين. پرۆسەی خوێندن تەنیا لە چوارچێوەی هۆڵەکانی خوێندن قەتیس نەکەین، فێرخوازانمان هان بدەین توانای بیرکردنەوە و داهێنانی خۆیان بەکاربهێنن، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانی کۆمەڵگه.
گوتیشى: هاوشانی ئەم بەرنامەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی (mit)، ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی سێنتەرەکانی داهێنان و کارسازی لە زانکۆکانی کوردستان دهكهين، بۆ ئەم مەبەستە ٢٠ مامۆستای زانکۆکانی ئێمە، لەلایەن زانکۆى (mit) ڕاهێنانیان پێ کراوە.
وەزیرى خوێندنى باڵا گوتیشى: بەرنامەی پێداگۆجی، ڕۆلێکی گەورە بۆ دروستکردنی تێگەیشتنی نیشتمانی و هاوبەش بۆ پرۆسەی خوێندن و ڕەخساندنی دەرفەتی داهێنان دهبينێت، لە ئێستادا بەشانازییەوە دەیڵێم ژمارەی ئەو مامۆستایانەی زانکۆ کە لە ڕێگەی سەنتەرەکانی پێداگۆجی، بۆ ماوەی شەش مانگ خولی ڕاهێنانی پێداگۆجی مۆدێرنیان بینیوە، گەیشتووەتە نزیکەى حەوت هەزار مامۆستا، لە کۆى دوازدە هەزار مامۆستاى زانکۆ، پلانیشمان هەیە کاراسانی بۆ بەشداريی هەموو مامۆستایانی زانکۆ بکەین، بۆ ئەوەی بەشداری لەم کۆرسە ناوازە بکەن، بەو مامۆستايانهشهوه کە پێشتر نازناوی زانستییان وەرگرتووە.
لە کۆتایيی گوتارەکەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا داوای لە دەرچووانی ئەم خولە کرد، هاوشانی مامۆستایانی خولی یەکەم و دووەم، هەموو تواناکانیان بۆ سەرخستن و بەردەواميی ڕیفۆرمی پێداگۆجی بەکاربهێنن و هەموو ئەو کۆنسێپتانەی کە لەم کۆرسەدا فێری بوونه، بە تێگەیشتنێکی قووڵەوە بیخەنە بواری جێبهجێکردنەوە و لەگەڵ بەها و پرەنسیبەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا ئاوێتەیان بکەن.
دواتریش پانێڵێکى تایبەت بە پەرەپێدانی بەرنامەی پێداگۆجی و هەنگاوەکانی ئایيندە لە لایەن د. ئامانج عەبدوڵا سەعید، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێشکەش کرا، هەریەک لە د. ژاڵە سەعید خەتات، بەڕێوەبەری گشتيی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان و د. وەلا غازى، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجی زانکۆی سەڵاحەدین، ستەم کەمال، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجیی زانکۆی سلێمانی، ههروهها بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاهێنانی پێداگۆجيی زانکۆی دهۆک، بەشدارییان لە پانێڵەکەدا کرد.
لە کۆتایيی ڕێوڕەسمەکەدا، لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوەن بڕوانامه پێشکەش بە دەرچووانی خولی سێيەمی بەشداربووانی ڕاهێنانی پێداگۆجی کرا.