Skip to the content

ژمارەیەک زەمالەى خوێندن پێشکەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا کرا

لە درێژەى سەردانەکەیدا بۆ وڵاتى تورکیا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى دامەزراوەى (YTB) کۆبوونەوە، کە ئەم دامەزراوەیە زەمالەی خوێندن بۆ فێرخوزان لە تەواوى وڵاتانى دونیا دابین دەکات، بڕیاریش درا دامەزراوەکە ژمارەیەکی دیکەى زەمالەى خوێندن پێشکەشی وەزارەتی خوێندنی باڵای کوردستان بکات، کە بە چاودێریى ڕاستەوخۆی وەزیری خوێندنی باڵاى هەرێم دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٤، د. ئارام محەمەد، قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بە ئامادەبوونی ئایدن مەعروف، وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پێکهاتەکان و بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئیرن، سەرۆکى دامەزراوەى (YTB) و بەرپرسانى دیکەى دامەزراوەکە کۆبووەوە، کە ئەم دامەزراوەیە پێشتر چەندین زەمالەى خوێندنى بە فێرخوازان لە هەرێمى کوردستان بەخشیوە.

لە گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا سوپاسى دامەزراوەى (YTB) کرد و کارەکانى بەرز نرخاندن، هەروەها سوپاسیشی کردن بۆ ڕەخساندنى دەرفەتەکانیان بۆ هەرێمى کوردستان، چونکە ئەو فێرخوازانەى لە ڕابردوو لەم زەمالە سوودمەند بوونە، لە ئێستادا گەڕاونەتەوە و لە دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان خزمەت پێشکەش دەکەن.

گوتیشى؛ جگە لە پەیوەندییە مێژووى، کولتوورى، سیاسى و ئابوورییەکانى نێوان هەردوولا، پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەى پەیوەندییەکانمان لە بوارەکانی پەروەردە و خوێندنى باڵا لەگەڵ ئەم دامەزراوەیە و تەواوى ناوەندە زانستییەکانى ئەم وڵاتە فراوانتر بکەین، داواشى کرد زەمالەى خوێندنی زیاتر بۆ قوتابییان و خوێندکارانى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان دەستەبەر بکەن.

لەلایەن خۆشیەوە سەرۆکى دامەزراوەکە سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و تویژینەوەى زانستى کرد و گوتى؛ ئێمە بە گرنگی و بایەخەوە لە هەرێمى کوردستان دەڕوانین، چاومان لەوەیە کە پەیوەندییە زانستییەکانمان لە بوارى خوێندنى باڵا لەگەڵ هەرێمى کوردستان پتەوتر بکەین.

لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆکى دامەزراوەکە ڕاگەیاند؛ کە زەمالەکانی خوێندن بۆ هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکرێن، لەسەر سێ ئاست لە ڕێگەى وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمەوە، کورسى خوێندن دەبەخشرێتە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمى کوردستان، بەشێکیان بۆ فەرمانبەرانى حکومەت، بەشیکی تریش بۆ مامۆستایانى زانکۆ، هەروەها بەشێکی دیکەش تایبەت دەبێت بە ڕاهێنانى دیپلۆماتکاران. گوتیشى؛ ئێمە ئەم زەمالانەى پێشکەش بە وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان دەکرێن، بە چاودێریى ڕاستەوخۆى وەزیری خوێندنى باڵا، دەچنە بواری جێەجێکردنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پرۆتۆکۆڵى لێکتێگەیشتنى هاوبەش لە نێوان هەردوولا واژۆ دەکرێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پەرەپێدانى زیاترى پەیوەندیى زانستى و ئەکادیمى و هەماهەنگى لە نێوان هەردوولا کردەوە