Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵاى هەرێم لەگەڵ ڕاوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ كاروبارى خوێندنى باڵا کۆبووه‌وە

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازی لە د. عەدنان ئیبراهیم السراج، ڕاوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق، بۆ کاروبارى خوێندنى باڵا و وەفدى زانکۆکانى وڵاتى بەریتانیا كرد، کە لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوودا بە ئامادەبوونى ٩ زانکۆى بەریتانیا، بەشداریيان لە وۆرکشۆپێکى نێودەوڵەتى كرد، له‌باره‌ى بنیادنانى تواناى توێژینەوە، بۆ پاڵپشتیکردن و باشکردنى دڵنیایيی جۆرى و بنیادنانى تواناکان لە زانکۆکاندا.

لە دیدارەکەدا، کە هەریەک لە ڕاوێژکارى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بۆ کاروبارى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکارانى وەزیر و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدانى ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق بەتایبەت لەڕووى زانستى و ئەکادیمییەوە كرا.

لە گوتەیەکدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى بەخێرهێنانى وەفدى میوان، ئاماژەى بە هەماهەنگییەکانى نێوان سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و عێراق کرد، بە تایبەت لەڕووى دڵنیایيی جۆرى و پەرەپێدانى تواناکان و توێژینەوەى زانستى و لایەنى ئەکادیمى، بۆ ئەمەش گوتى؛ ئه‌نجامى دوو ڕۆژى وۆرکشۆپەکەتان، هاوکارمان دەبێت بۆ زیاتر گرنگىدان بە بنیادنانى تواناى توێژینەوە، بۆ پاڵپشتیکردن و باشکردنى دڵنیایيی جۆرى و بنیادنانى تواناکان لە زانکۆکاندا.

لەلایەن خۆشیەوە ڕاوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سوپاسى پێشوازى و هەماهەنگى نێوان هەردوولاى کرد و ڕایگەیاند؛ ئامانجى سەرەکیمان پەرەپێدانى پەیوەندییەکانە لەڕووى زانستیدا، چونکە بۆ گونجان لەگەڵ دونیاى پێشکەوتوو، پێویستمان بە کارى زیاترى زانستى هەیە.