Skip to the content

بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى یەکەمین ئاهەنگی دەرچووانی خوێندنی باڵای زانکۆی سلێمانی بەڕێوە چوو

بە ئامادەبوونی د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و د. کۆسار محمد علی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و ڕاوێژکاری وەزير و یاریدەدەرەکانی و ژمارەیەک کەسایەتی، لە هۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی سلێمانی، یەکەمین ئاهەنگی دەرچووانی خوێندنی باڵا کە تایبەت بوو بە ساڵانی ٢٠١٨-٢٠٢٤ بەڕێوە چوو.
دەستپێکی مەراسیمەکە، تیپی ئۆرکێسترای زانکۆی سلێمانی گۆرانی و میوزیکێکی ناوازەیان پێشکەش کرد.
هەر لە مەراسیمەکەدا، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە گوتەیەکدا پیرۆبایی لە دەرچووان کرد و ده‌رچووانى بە شایستەی ئەم ئاهەنگە و بە سەرمایەیەکی بەهێزی زانستی بۆ زانکۆ و کۆمەڵگە وەسف کرد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا ١٨٣٨ قوتابى و خوێندكار، بڕوانامەی خوێندنی باڵایان بەدەست هێناوە، گوتیشی دەرچووان کەسايه‌تييه‌کی پەروەردەیی و داهێنەرانەیان هەیە، کە دەبێتە هۆی باڵاکردنی زانیاری و زانستی خوێندکارانی بەکالۆریۆس و ئالوگۆڕی زانیاری لەنێوان زانکۆکان.
هەر لە گوتەکەیدا، سەرۆکی زانکۆ گوتى: لێکۆڵینەوە و تێزەکانی خوێندنی باڵایە كه‌ دەبێتە هۆی گۆڕانکاری و لێکۆڵینەوە لە بوارەکانی زانست و زانستە مرۆییەکان و زانستە پزیشیکییەکان.
دواتر د. ئارام محمد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، گوتارێکی پێشکەش کرد، وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووانی خوێندنی باڵا، سوپاسی خانەوادەی دەرچووانی کرد، سەرەڕای ئاستەنگ و ئالنگارییەکان، بە هەوڵی کەسانی ئەکادیمی لە زانکۆ، توانیویانە پسپۆڕی بەدەست بهێنن، هەروەک سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و ئەندامانی ئەنجومەنه‌كه‌ى کرد و زانکۆی سلێمانی بە داینەمۆی سەرەکیی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان ناوبرد.
لە درێژەی گوتەکەیدا، ناوبراو ئاماژەی بە بەشێک لە دەستکەوت و کارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى کرد، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە داشکان لە کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان بە ڕێژەی ٤٥٪، و داشکان لە کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەڕێژەی ١٠٪ تاکوو ٢٥٪، بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن و کردنەوەی دوو ڕاوندی سەرکەوتووی خوێندنی باڵا، دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا و سودمەندبوونی نزیکەی ١٠ هەزار فێرخواز لە پرۆسەکە، و پەرەپێدانی خوێندنی تەکنیکی و پیشەیی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و وەرگرتنی سەتا سەتی دەرچووانی دوازده‌ی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان، و ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن بۆیان و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن لە زانکۆکان بەشێکی کەمی کارەکانی وەزارەتن لەو ماوەیەدا.
لە بەشێکی دیکەی مەراسیمەکەدا، ڤیدیۆیەک لەسەر مێژووی زانکۆی سلێمانی و ڕانکینی زانکۆ، بۆ ئامادەبووان نمایش کرا، کە لەلایەن بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی ئامادە کرابوو.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بڕوانامە بەخشرایە ده‌رچووانى هەر یەک لە دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا، کە ژمارەیان زیاتر لە ٧٧٠ ده‌رچوو بوو.