وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی زەمالەى خوێندنى ماستەر لە وڵاتى کۆریاى باشوور ڕادەگەیەنێت
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانبەران و مامۆستایانی سەر بە دامودەزگەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەرجەم دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێم ئاگەدار دەکاتەوە کە وڵاتی کۆریاى باشوور، لە چوارچێوەى هەماهەنگیی وەزارەتی پلاندانان و سەنتەری لێکۆڵینەوەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی کۆریای باشوور (KDI School)، ژمارەیەک کورسی خوێندنى ماستەر لە بوارەکانی سیاسەتى گشتى، سیاسەتى پەرەپێدان و بەڕێوەبردنى گشتى و خاوەندارییەتی فکری و سیاسەتی گەشەپێدان، لە زانکۆکانی وڵاتی کوریای باشوور تەرخان دەکات.
هەر کەسێک مەرجەکانى تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریاى باشوور هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینییانەی خوارەوە دەتوانێت داواکاری لە ڕێگەی لینکی هاوپێچ پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکات:
https://kdischool.ac.kr/menu.es?mid=a40202000000
مەرجەکان:
• پێشکەشکار دەبێت لە دامودەزگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانبەر یان مامۆستا بێت.
• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر نەبێت.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات، واتا (بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتمان تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیریی دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
تێبینی:
- هەرکەسێک مەرج و ڕێنماییەکانى تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێ نادرێت.
- بۆ هەر پرسیارێک یان زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
- دواکات بۆ پێشکەشکردن و مەرجی زمان لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەکی تر، یان لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەکى دیکە جیاوازە، بەر لە پێشکەشکردن بە وردی سەرنجی مەرج و ڕێنماییەکان بدەن.
- دوای وەرگرتن لەم زەمالەیە، تکایە بە مەبەستی کردنەوەی فایل سەردانی ئەم لینکەی خوارەوە بکەن:
https://scholarship.digital.gov.krd/#/login