Skip to the content

چەند بڕیارێک لە ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییەوە

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتیى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبوونەوەى ژمارە ٢ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە زانکۆى سلێمانى بەڕێوە چوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بریکارى وەزارەت و سەرجەم سەرۆکی زانکۆ حکومییەکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، دواى خوێندنەوەى کارنامەى کۆبوونەوەو چەسپاندنى کۆنووسى کۆبوونەوەى ڕابردوو. لە گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سوپاسى ئاراستەى سەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرد کە سەرەڕاى ئاڵنگارى و قەیرانەکان لە ئێستادا ئاستى زانکۆکانى کوردستان لەسەر نەخشەى ئەکادیمى دونیا و لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى دیار و بەرچاوە، هەروەها زانکۆکانمان توانیویانە لەڕووى زانستى و بەرزکردنەوەى تواناى ئەکادیمى و کواڵتى هەنگاوى گرنگ بەرەو سەرکەوتن و پێشکەوتن بنێن.

لە بەشێکى دیکەى گوتەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ستراتیژى کارکردنمان لەم چەند ساڵەدا بریتى بووە لە فراوانکردنى پانتاییى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان، چونکە لە ئێستادا بازاڕى کارى کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستى بە کادیرى تەکنیکى و پیشەیى و بەستنەوەى ناوەرۆکى پرۆگرامەکانى خوێندن هەیە بە پێداویستییەکان و پەرەپێدانى ئەو سکیڵ و کارامەییانەى کە بۆ بازاڕى کار پێویستن، بۆ ئەمەش گوتى: پێویستە کردنەوە و هێنانەکایەى بەشى نوێ لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێى پێداویستییەکانى بازاڕى کارى کوردستان بێت.

لەبارەى بەرنامەى کارى کۆبوونەوەکە، تەوەرى یەکەم تایبەت بوو بە داواکاریى ژمارەیەک لە قوتابییان و خوێندکارانى (دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤)، کە لە تاقیکردنەوەى خولى دووەمى سیمستەرى یەکەم دەرنەچوون، ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاری دا بە پێدانى دەسەڵات بە ئەنجومەنى زانکۆکانى کوردستان بۆ بڕیاردان و یەکلاکردنەوەى کۆى کەیسەکانى هاوشێوە لەناو ئەنجومەنى زانکۆکان.

تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ئالیەتەکانى وەرگرتنەوەى کرێى خوێندنى بەرایی (پارالێل+ ئێواران)، لە خوێندکاران و قوتابییانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، کە بەشێکیان بەهۆى خراپى بارى دارایی تاکو ئێستا کرێى خوێندنیان نەداوە، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت بە ڕەچاوکردنى گوزەرانى داراییى خوێندکاران و قوتابییان، بڕیاری دا بە داشکاندنى (٢٠%)ى لە کرێى خوێندنى بەرایی (پارالێل+ئێواران) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، لە کۆى ئەو پارەیەى کە لەلایەن قوتابییان و خوێندکاران ماوە بیدات، بە مەرجێک پێش ٥/ ٥/ ٢٠٢٤، بە یەک قیست گشت پارەکە بدات، ئەمە تەنها بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) جێبەجێ دەکرێت.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا داواکاریى خوێندکاران و قوتابییانى بۆردى کوردستانى کە بە شێوەى پارالێل وەرگیراون و لە سێ یەکەمەکانن و دانەمەزراون بە لێخۆشبوون لە کرێى خوێندن، گفتوگۆى لەبارەوە کرا و ئەنجومەنى وەزارەت داواکارییەکەى پەسەند کرد.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا پرسى ئەنجامدانى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى کوردستان، بە مەبەستى دروستکردنى کێبڕکێى زانستى و ئەکادیمى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاری دا بە ئەنجامدانەوەى ڕیزبەندى نیشتمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش فەرمانگەى تایبەتمەند لەگەڵ زانکۆکانى کوردستان ئامادەکارى پێویست ئەنجام دەدەن.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا لەلایەن بریکارى وەزارەت، کورتەیەک لەبارەى ئەو وۆرکشۆپە پێشکەش کرا کە ماوەى دوو هەفتەى ڕابردوو لەلایەن لیژنەى خوێندنى باڵا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە چوو، تایبەت بە تاووتوێکردنى پرۆژەى یاساى خوێندنى باڵاى تایبەت لە عێراق، بۆ ئەمەش بریکارى وەزارەت ئەنجامى وۆرکشۆپەکە و دەرەنجامەکانى بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی پەیوەست بە زانکۆکان لە ڕووى کارگێڕى و دارایى و زانستى و ئەکادیمى گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پەسەند کران.