Skip to the content

لە پرۆژە ئەکادیمیيەکاندا خوێندنى باڵاى کوردستان و ئوردن هەماهەنگيى زیاتر دەکەن

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ١٤ــی ئایاری ٢٠٢٤، د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازی لە فوئاد خازر ئەلمەجالی، کونسولى گشتيى شانشینى هاشمى ئوردن لە هەرێمى کوردستان كرد.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەى پەرەپێدانى  پرۆژە ئەکادیمیيەکانى نێوان هەردوولا كرا، بە تایبەت دواى دیدارى هاوبەشى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئوردن، کە لە سەرەتاى ئەم مانگە لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لە دیدارەکەدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەی بوون، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى کونسولى ئوردن ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئوردن پەیوەنديى دێرين و به‌هێزن و هەردوو گەل خاوەنى كولتوور و مێژوويه‌كى دەوڵەمەندن، بۆ ئەم مەبەستە  لە ڕێگەى دیداری خوێندنی باڵای ئوردن - کوردستان، ئاڵوگۆڕى زیاترى زانستى و پەرەپێدانى پەیوەندییەکان دەستیان پێ کردووە، لە نێویشیاندا، واژۆکردنى ڕێککەوتنامەی هاوبەشی هەردوولا، کە چەندین ماددە و خاڵى گرنگى سەبارەت بە نەخشەڕێى پەرەپێدانى پەیوەندییە زانستى و ئەکادیمیيەکان.

لەلایەن خۆيه‌وه‌ کونسولى گشتيى ئوردن، پوخته‌يه‌كى لەبارەى ئه‌نجامە گرنگەکانی دیدارە هاوبەشەکە خستە ڕوو، بۆ ئەم مەبەستەش گوتى "دەمانەوێت ئاستى هەماهەنگى و پەیوەندییە ئەکادیمییەکان لە نێوان دامەزراوەکانمان زیاتر پەرە پێ بدەین، کە دەبێتە دەروازەیەکى بەهێز بۆ ئاڵوگۆڕ و پەرەپێدانى پەیوەندییەکان."