Skip to the content

خولێکى ڕاهێنان بۆ جێبەجێکردنى ستانداردەکانى دڵنیایی جۆريى ئەوروپى و نێودەوڵەتى (ESG) بەڕێوەچوو

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ٢٧ی ئایاری  ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتيى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى و نوێنەرى زانکۆکانى کوردستان، لە شارى هەولێر بە هاوکارى ڕێکخراوى سپارکى هۆڵەندى، خولى ڕاهێنانى (TOT) ڕاهێنەرى ڕاهێنراوان بۆ ليژنەى داڕشتنى ڕێنمایی و ڕێبەر و ستانداردەکانى دڵنیایی جۆرى بەڕێوەچوو.

لە گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، وێڕاى دەستخۆشى لە ڕێکخەران و ئامادەکارانى ئەم خولى ڕاهێنانە، کورتەباسێکى لەبارەى پرۆسەى دڵنیایی جۆرى، لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و دانانى سیستمێکى دڵنیایی جۆرى کە پاڵپشت بێت بە ستانداردەکانى دڵنیایی جۆرى ئەوروپى و نێودەوڵەتى لە هەمان کاتدا بگونجێت لەگەڵ کولتوور و بارودۆخى کوردستان پێشکەشکرد.

وەزیرى خوێندنى باڵا هه‌روه‌ها گوتى: ئەم خولى ڕاهێنانە دەرفەتێکى زێڕینە بۆ بەشداربووان کە دەبنە ڕاهێنەرى جێبەجێکردنى (ESG) بۆلۆنیا پرۆسێس، کە هیوادارین بتوانن خول و سمینار و کۆنفرانسى جۆراوجۆر ئەنجام بدەن بۆ زانکۆکانمان.

پاشان لە گوتەیەکدا د. محه‌مه‌د حسێن، سەرۆکى دەزگه‌ى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى و سەرۆکى ليژنەى تایبەت بە مەبەستى داڕشتنى ڕێنمایيی تایبەت بە دڵنیایی جۆرى، ئاماژەى بە هەنگاوەکانى دەستپێکردنى پرۆژەکە کرد، کە بریتییە لە بەدەستهێنانى فەندێکى نێودەوڵەتى لەلایەن دەزگه‌ى سەرپەرشتى و دڵنیایی جۆرى بۆ ئەم پرۆژەیە، بە هاوکارى و هەماهەنگيى ڕێکخراوى سپارکى نێودەوڵەتى.