Skip to the content

هەنگاوەکانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر بەشە زانستیيەکانى زانکۆکان دەستی پێ کرد

ڕۆژى یەکشەممە ١٢ـی ئایاری ٢٠٢٤، لەسەر ڕاسپاردەی د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە سەرپەرشتیی د. توانا نەجەف محمدخان، بەڕێوەبەرى گشتيى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی لە دیوانى وەزارەت و بەڕێوەبەرى تۆمارى زانکۆکان، كۆبوونه‌وه‌يه‌ك بەڕێوە چوو.

لە دەستپێکدا د. توانا نەجەف ڕایگەیاند: سەرۆکایەتيى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، نووسراوێکى بە ژمارە (1928) لە ڕێکەوتى (2024/4/25) ئاراستە کردووین، بۆ ئەوەى داتا و زانیاريى تەواو لەبارەى سێ یەکەمى زانکۆکان ئامادە بکەین و دواتر ڕەوانەى بەغداى بکەین، بەمەبەستى دامەزراندنیان، بۆ ئەوەش گوتى: لەسەر سەرجەم زانکۆکان پێویستە لە ماوەى پێنچ ڕۆژى کارکردندا، تەواوى زانیارییەکان، وەک لە خشتەى دیاریکراودا هاتووە و تایبەتە بە سێ یەکەمەکانى سەر بەشە زانستیيەکان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنى (2017 - 2018) تاوەکو (2022 - 2023)،  بە لیستى جیا بۆ وەزارەت بەرز بکەنەوە.

بەڕێوەبەرى گشتيى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی ڕایگەیاند: دامەزراندنى سێ یەکەمەکان، بە ئەرکى لەپێشینەى خۆمان دەزانین و لە ماوەى ڕابردوودا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، هەموو هەوڵێکى خۆى لەو بوارەدا خستووه‌تە گەڕ، چونکە ئەوە مافێکى یاسایی و ئاسایيی خۆیانە، لەم قۆناغەشدا پێویستە هەمووان هەماهەنگ و هاوکارى یەکتر بن، بۆ ئەوەى مافى هیچ یەکێک لە سێ یەکەمەکان نەفەوتێت، بۆیە دەبێت لە تۆمارکردنى ناوى چواریيان و بەشەکانیان و تەواوى زانیارییەکان ورد بن، هەروەک پاڵپشتى و پشتیوانيى وەزارەتى بۆ هەر هاوکارى و هەماهەنگى و کاراسانیيه‌ک بۆ دووپات کردنەوە.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، بەڕێوەبەرى گشتيى کارگێڕى و دارایى، ئاماژەى بە هەوڵەکانى وەزارەت لە ماوەى ڕابردوودا کرد و گوتى: لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا لیستى ناوى (1982) وانەبێژمان لە زانکۆکانى هەرێمى كوردستان، ڕەوانەى بەغدا کردووە بۆ دامەزراندن، بە هەمان شێوە پێشتریش لیستى ناوى (980) لە هەڵگرانى ماستەر و دکتۆرامان ڕەوانەى بەغدا کرد، بە مەبەستى دامەزراندن، بۆ ئەمەش بەغدا ڕەزامەندى لەسەر دامەزراندنى (226) کەسیان نیشان دا، کە لە دانیشتووانى ناوچە کوردستانیيەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بوون، ئەوە جگە لە دامەزراندنى (2075) سێ یەکەمەکان و (2626) بەشە پزیشکیيەکان لە بەغدا، کە بە هەمان شێوە خەڵکى ناوچە کوردستانیيەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان بوون.

هەر لە قسەکانیدا گوتیشى، لە هەرێمى کوردستان، ساڵانى ڕابردوو بە هەوڵەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، توانرا سێ یەکەمەکانى ساڵانى (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێنین، کە ژمارەیان (2842) بووە، هیواشى خواست لەم هەوڵەشیاندا سەرکەوتوو بن و بتوانن مافى سەرەتایيی سێ یەکەمه‌كان دابین بکەن و ئامانجەکانیان بەدى بهێنن.

لە بەشى کۆتایيی کۆبوونەوەکەدا، دەرگه‌ى گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە وردەکارییەکانى تۆمارکردنى ناوى سێ یەکەمەکان لە نێوان ئاماده‌بووان، ئاڵوگۆڕ کرا.