Skip to the content

وەزارەتی خوێندنی باڵا لیستی ناوی سێ یەکەمەکان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات

د. ئارام محمد قادر، وه‌زيرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبوونەوەیەکى تایبەتی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارەت، بۆ هەنگاوە کۆتاییەکانی ئامادەکاری و هەماهەنگی ئەنجام دا، بۆ دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر بەشەكان، لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنى (٢٠١٧ - ٢٠١٨) تاکوو (٢٠٢٢ - ٢٠٢٣)، کە بڕیارە سبەی سێشه‌ممه‌، لیستی کۆتایيی ناوەکانیان، ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت.

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ٢٧ی ئایاری  ٢٠٢٤، بە سەرپەرشتيی د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دیوانی وەزارەت، كۆبوونه‌وه‌يه‌ك بەڕێوەچوو. وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: دامەزراندنى سێ یەکەمەکان بە ئەرکى لەپێشینەى خۆمان دەزانین و لە ماوەى ڕابردوودا هەموو هەوڵێکمان لەو بوارەدا خستووه‌ته‌ گەڕ، چونکە ئەوە مافێکى یاسایی و ئاسایيی خۆیانە، لەم قۆناغەشدا پێویستە هەمووان پێکەوە هەماهەنگ و هاوکار بین، بۆ ئەوەى مافى هیچ یەکێک لە سێ یەکەمەکان نەفەوتێت، بۆیە دەبێت لە تۆمارکردنى ناوى چواریيان و بەشەکانیان و تەواوى زانیارییەکان ورد بین و نابێت هیچ چۆرە کەمتەرخەمییەک لەم ڕووەوە هەستى پێ بکرێت.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەى بە هەوڵەکانى وەزارەت کرد، لە ماوەى ڕابردوودا بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، بە تایبەت وانەبێژان و سێ یەکەمەکان و دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای دانیشتووانى ناوچە کوردستانیيەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان.

جێگەی ئاماژەیە لە هەرێمى کوردستان، ساڵانى ڕابردوو بە هەوڵەکانى وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، توانرا سێ یەکەمەکانى ساڵانى (٢٠١٥ - ٢٠١٦) و (٢٠١٦ - ٢٠١٧) دابمەزرێنین.