Skip to the content

وەزیرى خـوێندنى بـاڵا لەگەڵ بەڕێوەبەرى کاروبارى یـاسـایيی زانکـۆکانى کوردستان کۆبووه‌وە

ڕۆژى سێشەمە ڕۆژی ۱٤ـی ئایاری ۲۰۲٤، بە سەرپەرشتيى د. ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆبوونەوەى وەزارەت لەگەڵ بەڕێوەبەرى کاروبارى یاساییى سەرجەم زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕاوێژکارى وەزیر و بەڕێوەبەرى کاروبارى یاساييى دیوانى وەزارەت ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەى چاودێرىکردن و ڕێکخستنى کارە یاساییەکانى وەزارەت و زانکۆکان كرا، لەپێناو چەسپاندنى بنەماکانى حوکمڕانيى باش و شەفافیيەت و دەسپاکى.

لە گوتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا، وێڕاى بەرزنرخاندنى ئەرک و ڕۆڵى هەر یەک لە بەڕێوەبەرایەتيى کاروبارى یاسايى لە زانکۆکانى کوردستان بۆ پرس و بابەتە یاساییەکان، ڕایگەیاند؛ پێشکەشکردنى بەرچاوڕوونيى یاسایی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و سەیرکردنى سکاڵاکان و ئاشکراکردن و دەرخستنى سەرپێچییەکان و گرتنەبەرى ڕێکارى پێویست، ئەرکى لەپێشینەى هەر یەک لە کاروبارى یاسایيی دامەزراوەکانمانە.

هەروەک گوتیشى "بەدواداچوون و دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنى ئەو یاسایانەى، کە کارەکانى وەزارەت و زانکۆکان ڕێک دەخات، بەشێوەیەکى دروست و دادپەروەرانە بۆ بەدیهێنانى هاوسەنگى لەنێوان ماف و ئەرکەکاندا،لە نێوان هاووڵاتیيان، هەروەها بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاريى یاسایی و زانیاريى فەرمانبەرانتان لەسەر ئەو یاسایانەى کە ماف و ئەرکەکانتان ڕێک دەخەن، بکەنە بنەماى سەرەکيى کارەکانتان."

لە کۆتايیی گوتەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا، بەڕێوەبەرى یاسایيی زانکۆکانى ڕاسپارد كه‌ ڕایيکردنى کارى ڕۆژانەى هاووڵاتیيان، بە شەفافیيەت و بێ جیاوازيکردن، لەبەر ڕۆشناييى یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییەکان لە هەرێمى کوردستان و دۆزینەوەى ڕێگەچارە بۆ کێشە و ئاریشەکان، دروشمى سەرەکیتان بێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆى ورد لەبارەى پرسە یاسایی و ئەکادیمییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى كرا.