Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا؛ دامەزراوەی سپارک یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکیيەکانمان بۆ هاوکاريی دامەزراوە زانستیيەکان

ڕۆژى سێشەممە ٢٨ى ئايارى ٢٠٢٤، ئارام محه‌مه‌د قادر، وه‌زيرى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى، پێشوازی لە هەریەک لە فیراس دیب، ڕاوێژکار لە دامەزراوەى سپارکى هۆڵەندى و د. بوراک ئاریکان، د. سێرێن جێنک، د. دیدەم موتکالیئۆغڵو، شارەزایانى بۆلۆنیا پرۆسێس كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکى دەزگه‌ى سەرپەرشتى و دڵنیایيی جۆرى و بەڕێوەبەرى گشتيى نێردراوان ئامادەی بوون، وه‌زيرى خوێندنى باڵا گوتى: پرۆژە و کارەکانی دامەزراوەی سپارک لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، جێگەی پێزانینە و ئێمە چاومان لە زیاترە، گوتیشی: وەزارەتەکەمان بە جێبەجێکردنی بۆڵۆنیا پرۆسێس، توانی بێتە سەر نەخشەی زانستی و لەو ڕێگەیەشەوه‌ توانی بچێتە سەر نەخشەی زانستيی یەکێتيی ئەورووپا، ئەمەش بۆ وەزارەت و تەواوی دامەزراوە ئەکادیمیيەکانی کوردستان، جێگەی بایەخی زانستیيە و لەو چوارچێوەیەشدا هەنگاوەکانمان بەردەوام دەبن.

 د. ئارام محه‌مه‌د قادر لەبەشێکی دیکەی گوتەکانی بەبایەخەوە ئاماژەی بە کرانەوەی وەزارەت و پەیوەندیەکانی لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمیيەکان کرد. بۆ ئەوەش گوتی: "دامەزراوەی سپارک یەکێکە لە هاوبەشە سەرەکیيەکانمان بۆ هاوکاريی دامەزراوە زانستیيەکانمان."