ئەنجامى وەرگرتن لە زانکۆکان بە ڕێگەى (زانکۆلاین) ڕاگەیهندرا
ڕۆژى یەکشەممە 03ى تشرينى دووهمى 2024، لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا، د. ئارام محهمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەنجامى وەرگرتنى قوتابيیان و خوێندکارانى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیيەکان ئاشکرا کرد. لەو چوارچێوەیەدا و لە سەرەتاى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیيەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى پیرۆزبایيکردن لە دەرچووانى دوازدهى ئامادەیی و خێزان و کەسوکاریان، سوپاسى تایبەتى ئەنجومەنى وەزارەت و سەرۆکایەتيى زانکۆکان و بەڕێوەبەرى تۆمارى زانکۆکان و ستافى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە بەردەوام هەماهەنگ و هاوکارى وەزارەت بوون، گوتیشى لە ماوەى ئەم پێنچ ساڵەدا بەردەوام کارمان کردووە بۆ ئەوەى زۆرترین دەرفەت بۆ کچان و کوڕانى خۆمان لە ناوەوەى وڵات بڕهخسێنین و بەخۆڕایی درێژە بە خوێندن بدەن.
ئاڵنگارییەکان کران بە دەرفەت:
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیيەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە ئەزموونى کارى وزارى لە وەزارەتەکەى لە ماوەى پێنچ ساڵى ڕابردوو کرد و، بۆ ئەوەش گوتى: هەرچەندە ئێمە بە خەونى گەورەوە هاتین، بەڵام ئاڵنگارى و ئاستەنگەکان زۆربوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاڕادەیەکى زۆر توانیمان ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان بکەین بە دەرفەت و کۆمەڵێک دەستکەوتى هەمەجۆر لە بوارى خوێندن بۆ کچان و کوڕانى وڵاتەکەمان بەدى بهێنین، هەر لە ڕەخساندنى زۆرترین دەرفەتى خوێندن بەخۆڕایی تا داكشاندنى کرێى خوێندن بە سیستهمى پارالێل و ئێواران بە ڕێژەى (% 45) و زیاتر.
وەزیرى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیيەکەى تەرخان کرد بۆ وەرگرتنى دەرچووانى پۆلى دوازده لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: هاوشێوەى پێنچ ساڵى ڕابردوو، خۆشبەختانە ئەمساڵیش توانیمان ڕێژەى (96%) دەرچووانى قۆناغى دوازدهى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیيەکانى هەرێمى کوردستان وەربگرین.
بۆ ئەمساڵى خوێندن (53,079) دەرچووى ئامادەییەکان لە زانکۆ حکومیيەکان وەرگیراون:
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیيەکەدا، د. خەتاب ئەحمەد مستەفا، بەڕێوەبەرى گشتيى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتى خوێندنى باڵا، باسى لە وردەکاريى وەرگرتنى دەرچووانى دوازدهى ئامادەیى کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا گوتى: سوپاسى وەزارەتى پەروەردە بە تایبەت بەڕێوەبەرایەتيى گشتيى ئەزموونەکان دەکەم، کە بەردەوام هاوکار و هەماهەنگيى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بوون، بە تایبەت لە پرۆسەى گواستنەوەى داتاى دەرچووانى دوازدەى ئامادەیی، هەروەک سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەم، کە پاڵپشت و پشتگیرى بەردەوامى کارەکانمان بوو و پێداگريى بەڕێزیان وایکرد، توانیان دەرفەتى خوێندن بۆ سەرجەم دەرچووانن بڕهخسێنن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لە وردەکاريى داتاکان کرد و بۆ ئەوەش گوتى: پلانى گشتيى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2024-2025) بریتى بوو لە (64،761)، هاوکات کۆى گشتيى ژمارەى دەرچووانى پۆلى دوازدهى ئامادەیی بریتى بوو لە (56،130) دەرچوو، لەو ژمارەیەدا (45,852) دەرچوویان فۆرمى زانکۆلاینیان پڕکردەوە، هاوکات (2,471) پێشکەشکار لە دەرچووانی ساڵی (2023) فۆرمیان پڕکردەوە، لەگەڵ (7,548) پێشکەشکار لە دەرچووانی ساڵانی ڕابردوو، بەو شێوەیە کۆى پێشکەشکاران ژمارەیان گەیشتە (55,871) قوتابى و خوێندکار، لە ئەنجامدا (51,579) یان وەرگیران، بە شێوەیەک وەرگیراوی دەرچووانی ئەمساڵ بریتى لە (44,215), وەرگیراوانی ساڵانی ڕابردووش بریتیە لە (7,364) پێشکەشکار، بەڕێوەبەرى گشتيى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچوون ئەوەشى ڕاگەیاند لە ئێستادا (13,299) کورسيى خوێندن بە بەتاڵى ماوەتەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، د. خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتيى فەرمانگەى خوێندن و پلاندان و بەدواداچوون ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵى خوێندنیش وەک ساڵانى ڕابردوو (96 %) دەرچووانى قۆناغى دوازدهى ئامادەیيمان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیيەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرت، تەنها ژمارەیەکى کەم لە پێشکەشکاران نەبێت، کە ژمارەیان تەنها (1,763) خوێندکارە، کە بەهۆى هەڵە لە پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان ناویان نەهاتووهتەوە، ئەوانیش بەپێى نمرەکانیان لە بەشە شایستەکان جێگەیان دەکرێتەوە، بەوەش ڕێژەى وەرگرتن دەبێتە (100 %)، کە ئەوەش بریتیيە لە سوودوەرگرتن لەوپەڕى تواناى زانکۆکانمان، بۆ ئەوەش سوپاسى تەواوى سەرۆک زانکۆ و مامۆستایانى بەشە جیاکانى کرد، کە هاوکار و پشتیوانى وەزارەت بوون.
ژمارەى وەرگیراوانى ئامادەیيه پیشەییەکان گەیشتە 696 دەرچوو:
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانييهکەیدا، بەڕێوەبەرى گشتيى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچوون باسى لە دەرچووانى خوێندنگە پیشەییەکان کرد، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە دەرچووانى خوێندنگە پیشەییەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەرچووانى ئامادەیی، شوێنى وەرگرتنیان ڕادەگەيهندرێ، گوتیشى ژمارەى دەرچووى ئامادەییە پیشەییەکان لە ساڵى خوێندنى (2023-2024) ، ساڵانى پێشتر لەو پرۆسەیەدا گهيشته (1,145)، لە ئەنجامدا (696)یان وەرگیران و، (138)ى دیکەیان وەرنەگیران، هاوکات (311) دەرچووى پیشەیی فۆرمى داواکاریيان پێشکەش نەکرد.
بۆ یەکەمجارە وەرگیراوانى ناوچە کوردستانیيەکان لەگەڵ زانکۆلاین بڵاودەکرێتەوە:
بۆ دەرچووانى ناوچە کوردستانیيەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، د.خەتاب شێخانى ڕایگەیاند: ژمارەیان لە ساڵى خوێندنى (2023 - 2024) گەیشتە (1,353)، لەو ژمارەیەدا و لە ئەنجامى ئەوانەى فۆرمى (زانکۆلاین)یان پڕکردبووەوە، تواندرا (804) دەرچوویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان وەربگیرێن، هەروەک (372)یان وەرنەگیران، جگە لەوەش (177) داواکاريى وەرگرتنیان پێشکەش نەکرد، د. خەتاب شێخانى ئاشکرای کرد؛ جیاواز لە ساڵانى ڕابردوو، ئەمڕۆ دەرچووانى ناوچە کوردستانیيەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ دەرچووانى هەرێمى کوردستان شوێنى وەرگرتنیان ڕادەگەيهندرێ، بە هەمان پرۆسە دەتوانن شوێنى وەرگرتنیان لە وێبسایتى ڕێگەى زانکۆ (regayzanko.com) بدۆزنەوە.
وەرگیراوان دەتوانن لە ڕێگەى (www.regayzanko.com ) شوێنى وەرگرتنیان بدۆزنەوە:
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیيەکەدا، م. ئارام ئیبراهیم قەنبر، بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن باسى لە چۆنیيەتى پێشکەشکردنى سکاڵا لە ڕێگەى زانکۆلاین کرد و ڕاشیگەیاند: لە ئێستاوە دەرچووان دەتوانن لە ڕێگەى (https://www.regayzanko.com) دەتوانن بەهەمان پاسۆرد و یوزەرنەیمى تایبەت بە خۆیان شوێنى وەرگرتنیان بدۆزنەوە، ئەوانەشى وەرنەگیراون دەتوانن لەو بەشانەى دێنە بەردەستیان دەتوانن بەشێک دیارى بکەن، تا لە پرۆسەى وەرگرتن بێبەش نەبن.