Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندنى بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا لە ڕووسیا ڕادەگەيه‌نێت

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتیيانی هەرێمی کوردستان ئاگه‌دار دەکاتەوە، کە وڵاتی ڕووسیای فیدراڵ (70) زەمالەى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى (2025 - 2026) ڕادەگەیەنێت، بە مەبەستی خوێندنی بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا.
هەر کەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزووی خوێندن لە زانکۆکانی وڵاتی ڕووسیا دەکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیيانەی خوارەوە، داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەوه پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن: لينكى زه‌ماله‌
-هەروەها بەهۆى ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ماڵپەری زەمالەکە دەبێت، وەزارەتەکەمان هیچ فایلێکى لەبەردەست نابێت تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تاکوو دەرچوونی ئەنجامەکان، بە هیچ شێوەیەک پێشکەشکار سەردانی وەزارەت نەکات. هاوکات کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێگەی ئەم لینکەوه‌ پڕ بکاتەوە: لينكى كردنه‌وه‌ى دۆسيه‌ى ئه‌ليكترۆنى
-ئەو پێشکەشکارانه‌ی فەرمانبەری حکومەتن، ئەگەر زەمالەی ڕووسیا بەدەستبهێنن، بەڵام مەرج و ڕێنماییەکانى ئاماژەپێکراوى خوێندنەکانى تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێ نادرێت و بڕوانامەکەی بۆ یەکسان ناکرێت.

مەرجەکانى پێشکەشکردن:

1. بەکالۆریۆس:
- پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێویستە لە هیچ دامودەزگه‌یەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزرابێت.
- بۆ ئەو پێشکەشکارانەی داواکاری بۆ پسپۆڕيی پزیشکی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوازده‌ى زانستیيان لە (85%) کەمتر نەبێت، بۆ ئەو پێشكه‌شكارانه‌شى کە داواکاری بۆ پسپۆڕيی ددان و دەرمانسازی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوازده‌ى زانستیيان لە (80%) کەمتر نەبێت، هەروەها ئەوانه‌شى کە داواکاری بۆ پسپۆڕيی ئەندازیاری پیشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوازده‌ى زانستیيان لە (75%) کەمتر نەبێت.
- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی ڕووسیاوه‌ پشتگیريی دارایی دەکرێت، بۆ خوێندنەوەى وردەکاريی زیاتر سەردانی مالپەڕی زەمالەکە بکەن.

2. ماستەر:
- پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگه‌کانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایين بڕوانامە.
- پێویستە کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65%) کەمتر نەبێت.
- پێشکەشکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتا بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی ڕووسیاوه‌ پشتگیريی دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

3. دکتۆرا:
- پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگه‌کانی هەرێمی کوردستان، پێویستە بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت، لە پاش بەدەستهێنانی دوایين بڕوانامە.
- دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (70%) کەمتر نەبێت.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتە بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی ڕووسیا پشتگیريی دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاريی زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.