Skip to the content

ڕێوڕه‌سمی پازدەیەمین خولی دەرچووانی زانکۆی سۆران بەڕێوە چوو

وه‌زيرى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى له‌ ڕێوڕه‌سمی پازدەیەمین خولی دەرچووانی زانکۆی سۆران

ڕۆژی یەکشه‌ممه‌ ۱۰ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، لە هۆڵی بۆنەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕێوڕه‌سمی پازدەیەمین خولی ده‌رچووانی زانكۆی سۆران، بۆ دەرچووانی ساڵی خوێندنی ۲۰۲۳ - ۲۰۲٤ بەڕێوە چوو.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتارێکی پشکەش کرد و گوتى: لە ناخی دڵمەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی زانکۆی سۆرانی ئازیز و دەڤەری تێکۆشەری سۆران و کوردستان بە گشتی و دايبابى قوتابیيان و خوێندکاران دەکەم، بەشداریم لێرە لەگەڵتان بۆ من تایبەتە، چونکە پێکەوە دەستمان پێ کرد و پێکەوەش تەواو بووین. لە دریژەی گوته‌كه‌يدا، د. ئارام محه‌مه‌د قادر سوپاسی زانکۆی سۆران و کەسوکاری قوتابیيانی کرد، کە نەیان هێشت پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت، سەره‌ڕای كێشه‌ و ئاسته‌نگه‌كان، پرۆسەی خوێندن بەردەوام بوو.

لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، باسی لەو کاراسانیيانەی وەزارەت کرد کە بۆ خوێندکاران و قوتابیيان فەراهەم کراون، بۆ ئه‌مه‌ش گوتی: خۆشبەختانە لە ئەنجومەنی وەزارەت سەرەڕای بەربەستەکان، بڕیارمان دا کرێی خوێندن لە ٤٥٪ لەسەر قوتابیيان کەمبکرێتەوە. هەروەها بۆ ئەوانه‌ى کە داواکاریيان لە زانکۆلاین بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان پێشكه‌ش كردبوو، لە سه‌تا سه‌تى دەرچووانمان وەرگرتن، چونکە دەمانزانی گرفتی پارە لەناو ئەم قەیرانانە بۆ قوتابيی هەژار کە خەونی هەبێت بچێت لە زانکۆی دڵخوازی خۆی بخوێنێت چەندە.

لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا د. ئارام محەمەد ڕووی دەمی کردە ده‌رچووان و پێی گوتن: کوڕ و کچانی دڵگەرم و دەرچووانی ئەمساڵ، زانکۆکەتان و گەل نیشتمان و هەروەها دایبابتان زۆر زەحمتیان لەگەڵ ئێوە کێشاوه‌ و له‌گه‌ڵتان ماندووبوون، کە زۆر جێگه‌ی ڕێزە و پێویستە سوپاسیان بکەین.

دواتر سەرۆکی زانکۆی سۆران، گوتارێکی پێشکەش کرد، وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچووان، ئاماژەی بە ڕێژەی دەرچووان کرد و گوتی: بە شانازییەوە ئەمڕۆ هه‌زار و ۳۰٦ گەنجی لێهاتوو توانییان بڕوانامەی بەکالۆریۆس، دیبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا وەربگرن، بۆیە جێگه‌ی خۆیەتی پێتان بڵێین پیرۆزتان بێت ئەم پلە زانستییە و بۆ هەمیشە خەرمانتان پڕ بەرەکەت بێت. هەروەها دەمەوێت پیرۆزبایی لە گشت مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی سۆران بکەم، لە دەستەی وانەبێژان و دەستەی کارگێری، وەکوو بەشدارانی کارا لە سەرکەوتنی ئەم ده‌رچووانه‌ لەم خولەدا.

لە بەشێکی ديكه‌ى گوتارەکەیدا، سەرۆکی زانکۆی سۆران، ڕووی کردە دەرچووان و گوتی: "دڵخۆشین بە دەرچوونتان، لە هەمان کاتدا دڵتەنگین بە دوورکەوتنەوەتان، بەڵام دڵنیابن لەوەی کە ئێوە بۆ هەمیشە بە ئەندامی ماڵە گەورەکەی زانکۆی سۆران دەمێننەوە، لە هەر شوێنێک بن، زانکۆی سۆران شانازیتان پێوە دەکات و هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانتان دەبێت.
پاشان لەلایەن د. ڕزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیيان، هاوکات سەرۆکی ليژنەی باڵای ڕێوڕەسمی پازدەیەمین خولی دەرچووانی زانکۆی سۆران، سوێندی دەرچووان، بۆ دەرچووانی خولی پازدەیەمین خوێندرایەوە.
پاشان ڕاگری فاکەڵتییەکان داوای بەخشینی بڕوانامەیان لە سەرۆکی زانکۆ کرد بە دەرچووان، سەرۆکی زانکۆش بە ناوی ئەنجومەنی زانکۆوە بڕوانامەی پێبەخشین.
زانکۆی سۆران لە ساڵی ۲۰۰۹ دامەزراوە، لە ئێستادا لە پێنج فاکەڵتی و ۲۷ بەشی زانستی پێکدێت. هه‌روه‌ها لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا، زانكۆى سۆران لە پێشەنگى باشترین زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە.