Skip to the content

دامەزراوەی NAFSA و وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم یاداشتنامەی کاری هاوبەش واژۆ دەکەن

سەرۆکى دامەزراوەى (NAFSA) بۆ پەروەردە و خوێندنى باڵا، وەک گەورەترین دامەزراوەى خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى جیهان، کە بارەگاى سەرەکى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمه‌ریکایە، سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پشتیوانيی تەواوی دامەزراوەکەى بۆ سێکتەرى خوێندنی باڵای کوردستان دووپات کردەوە.

ڕۆژى پێنجشەممە 19ى ئه‌يلوولى 2024، ئامانج عەبدوڵا سەعید، ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پێشوازی لە د. فانتا ئاو (Fanta Aw)، سەرۆکی دامەزراوەی (NAFSA) و لۆرى مەیسن، ڕێکخەری گشتيی کاروبارەکانی ڕێکخراوی ئایرێکس لە عێراق كرد.

لە دیدارێکدا کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتيى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەباره‌ى دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکانی کوردستان و ئەمەریکا كرا.

لە کۆبوونەوەکەدا ئامانج عەبدوڵا سەعید بە ناوى د. ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەخێرهاتنى وەفدەکەى کرد و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ گفتوگۆ لەبارەى بەشداریکردنى زياترى هەرێمى کوردستان و زانکۆکانى، لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ده‌كه‌ين، گوتیشى: کار دەکەین بۆ ئەوەى زانکۆکانمان بەشێک بن لەو دیالۆگە نێودەوڵەتیيەى کە تایبەتمەندە بە چۆنیەتى گفتوگۆکردن لەسەر ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و ئاڵنگاریيەکانی پەیوەست بە گەشەکردنی تەکنۆلۆجی و ژیريی دەستکرد و گۆڕانکاریيەکانی کەشوهەوا، هەروەها کارکردن بۆ باشتر ئامادەکردنی گەنجان و هێزی کاری هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی کار و گەشەکردنی ئابووری، هه‌روه‌ها کاردەکەین بۆ ئەوەى زانکۆکانمان بە بەردەوامى لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ زانکۆکانى دونیا بە تایبەت زانکۆکانى ئەمه‌ریکا، چونکە زیاتر لە ٤ هه‌زار و ٣٠٠ دامەزراوەى خوێندنى باڵا لە دونیادا لە دامه‌زراوه‌ى NAFSA بەشدارن.

ڕاوێژكارى وه‌زيرى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى گوتیشى: ئەمڕۆ زياتر لە هەموو کات زانکۆ و دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان پێویستیيان بە بەردەواميى پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و دروستکردنى دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕى خوێندکاران و قوتابیيان و مامۆستایان و توێژینەوەى هاوبەش لەگەڵ زانکۆکانى ئەمه‌ریکا.

سەرۆکى دامەزراوەى (NAFSA)ش گوتى: خۆشحاڵم کە لێرەم، بە دڵنیاییەوە (نەفسا) گەورەترین دامەزراوەی نێودەوڵەتییە لە بوارى پەروەردە و خوێندنى باڵا، زۆر خۆشحاڵم بەو هەماهەنگییە پتەوەى کە لە نێوان وەزارەت و ئایرێکس و دامەزراوەکانمان هەیە، ئەو تێگەیشتنەى خوێندنى باڵا گرنگ و پێویستە بۆ ئەوەى بتوانین دەرچوویەک بنیاد بنێین، کە بتوانێت لەو سەدەیەدا خۆى لەناو گۆڕانکارییەکان و بازاڕى کاردا ببینێتەوە، هەروەها کار دەکەین بۆ چارەسەرکردنى ئەو ئالنگارییە جیهانیيانەى هەن. گوتیشى: پەرۆشین بۆ ئەوەى گفتوگۆ بکەین لەگەڵ خوێندنى باڵاى کوردستان، بۆ ئەوەى زیاتر باس لەو تێگەیشتنانە بکەین کە لە نێوانماندا هەن، بۆ ئاڵوگۆڕى زیاترى مامۆستایان و قوتابیيان و توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان زانکۆکانى ئەمه‌ریکا و هەرێمى کوردستان.

جێگەى ئاماژەیە دامەزراوەى (NAFSA)، یەکێکە لە بەهێزترین دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى دونیا، بنکەى سەرەکی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمه‌ریکایە، بە بەهێزترین دامەزراوەى تایبەت بە فراوانکردنى ڕەهەندى نێودەوڵەتيى خوێندنى باڵا لەسەر ئاستى جیهان هه‌ژمار ده‌كرێت، هەروەها کار دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و کاری پێکەوەیی، بۆ داڕشتنی سیاسەتی گشتيی خوێندنی باڵا و داڕشتنی نەخشەڕێگه‌ی ڕووبەڕووبونەوەی ئاڵنگاریيە هاوبەشەکان، بە تایبەت بنیادنانی کارامەیی بۆ گەنجان لە سەردەمی گەشەکردنی تەکنۆلۆجیا و ئاڵنگاریيە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیيەکان.

بڕیارە هەردولا یاداشتنامەی کاری هاوبەش واژۆ بکەن، کە ژمارەیەک ڕەهەندی جیاجیا لەخۆ دەگرێت، گرنگترینیان هەماهەنگیکردن لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی قوتابیيان/ خوێندکاران و مامۆستایان و ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکان، هەروەها داڕشتنی ستراتیژی کارکردن لەگەڵ ژیريی دەستکرد و ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام لەناو کەرتی خوێندنی باڵا. هەروەها هەماهەنگی لە بوارەکانی پەرەپێدانی توانای کارسازی و بەستنەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستیيەکانی بازاڕی کار.