Skip to the content

نمرەى دەرچووانى پۆلى دوازده‌ى ئامادەیى ڕاده‌ستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى کرا

نمرەى دەرچووانى پۆلى دوازده‌ى ئامادەیی، بە هەر سێ بەشى زانستى، وێژەیى و پیشەیى کە ژمارەیان ٥٥ هه‌زار و ٧٢٠ دەرچووە، لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوه‌ ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا، بە مەبەستى کارکردن لە سەریان، لە چوارچێوەى سیستمى زانکۆلاین بۆ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان. بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى پەروەردە ڕێژەى دەرچووانى قۆناغى دوازدەى ئامادەیی لەمساڵدا بەراورد بە ساڵى ڕابردوو نۆزدە هەزار دەرچوو زیادى کردووە.

ڕۆژى سێشەممە ١٧ى ئه‌يلوولى ٢٠٢٤، وەفدى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە، بە سەرۆکایەتيى هەر یەک لە سەیوان عەلى، بریکارى وەزارەتى پەروەردە و ئامانج عەبدوڵا سەعید، ڕاوێژکارى وەزیرى خوێندنى باڵا کۆبوونەوە و نمرەى دەرچووانى پۆلى دوازده‌ى ئامادەیى ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا کرا.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە ستافى وەزارەتى پەروەردە کرد لە بەرانبەر باش بەڕێوەبردنى پرۆسەى ئەزموونە گشتیيەکانى قۆناغى دوازده‌ى ئامادەیى، بە هەموو بەشەکانیەوە، هاوکات پیرۆزبایى لە دەرچووانى ئەمساڵى خوێندن کرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ قوتابیيان و خوێندکاران خواست، لەو چوارچێوەیەشدا لە ئەمڕۆ بە دواوە ئەنجامى تاقیکردنەوە گشتیيەکان کە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ئاراستەى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا كراون، کاریان لەسەر دەکرێت و ئامادەکارییەکان دەست پێ دەكه‌ن، بۆ ئەوەى لە زووترین کاتدا پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ زانکۆکان لە ڕێگەى سیستمى زانکۆلاینەوە دەست پێ بکات.

لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرایەتيى گشتى ئەزمونەکانى وەزارەتى پەروەردە کۆى داتا و ئامارەکانى قوتابى و خوێندکارانى پۆلى دوازده‌ى ئامادەیى بە زانستى و وێژەیى و پیشەیى لە ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣ - ٢٠٢٤) خستەڕوو، هاوکات ژمارەى دەرچووانى بەشەکانى زانستى و وێژەیى و پیشەییەکان و ڕێژەى نمرەى بەدەستهاتووی قوتابى و خوێندکاران خرانەڕوو، بە شێوەیەک دەرچووانى بەشى زانستى ژمارەیان ٤١ هه‌زار و ٢٧٧ دەرچووه‌ و بەشى وێژەى ژمارەیان ١٣ هه‌زار و ٥٤١ دەرچووه‌ و بەشى پیشەییش ژمارەیان ٩٠٢ دەرچووە، جگە لە دەرچووانى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئەوەش بەشداربووانى کۆبوونەوەکە هەڵسەنگاندێکى وردیان لەبارەى ڕێژەى دەرچووان و میکانیزمى تەرخانکردنى کورسيى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان کرد.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤ - ٢٠٢٥) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى (بەخۆڕایى) بۆ دەرچووانى دوازده‌ى ئامادەیی دەڕەخسێنێت، بە شێوەیەک دەرچووان بەپێى حەز و خولیا و کۆنمرەکانیان لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان و زانکۆکاندا، دەرفەتى خوێندنی یەکسان و دادپەروەریان بۆ بڕەخسێنرێت.

شایانى باسە هەموو ئەو کەسانەى کە لە خوار ساڵى ٢٠٠٠ــه‌وە دەرچوون و ناویان لە ناو سیستمى زانکۆلایندا نیە، پێویستە لە ڕێگەى لینکێکى تایبەتەوە کە وەزارەتى پەروەردە دایدەنێت دواتر سەردانى وەزارەتى پەروەردە دەکەن بۆ وەرگرتنى یوزەرنەیم و پاسۆرد بە مەبەستى پڕکردنەوەى زانکۆلاین.