Skip to the content

سەرۆکی نوێی زانکۆی هەڵەبجە دەست بەکار بوو

ڕۆژى يه‌كشه‌ممه‌ ١ى ئه‌يلوولى ٢٠٢٤، بە ئامادەبونی ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە و ئامانج عەبدوڵا، ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا، هه‌روه‌ها ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی و ئەندامانی ئەنجومەن و بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی هەڵەبجە، پۆستی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە ئاڵوگۆڕ کرا.

مه‌راسيمى ئاڵوگۆڕه‌كه‌ لە هۆڵی کتێبخانەی ناوەنديی زانکۆ بەڕێوە چوو، کە تێیدا بەمۆ پەروێز عەزیز، وەک سەرۆکی نوێی زانکۆی هەڵەبجە، لە شوێنی مهاباد کامل عه‌بدوڵا دەست بەکار بوو.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە گوتەیەکدا سوپاسی سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجەی کرد، کە لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا بە دڵسۆزی و خەمخۆریيەوە، بە هاوکاريی مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکە کاری کردووە و توانیویەتی گەشە بە زانکۆی هەڵەبجە بدات. پاڵپشتيی وەزارەتیشی بۆ سه‌رۆكى نوێى زانكۆكه‌ ڕاگەیاند و گوتیشی: وەک وەزارەت هەموو پاڵپشتی و هاوکاریيەک پێشکەش دەکەین و خۆمان بە خەمخۆر و قەرزاری خوێنی شەهیدانی هەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی دەزانین و ئەوەی لە تواناماندا بێت، درێغی ناکەین.

لە گوتەیەکیشدا سه‌رۆكى پێشووى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژەی بەوە دا لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، وەک سەرۆکی زانکۆ، هەوڵی داوە ئەرکی سەرشانی بەوپەڕی بەرپرسیاره‌تيیەوە ئەنجام بدات، سەرەڕای ڕووبەڕووبونەوە و چەندین قەیرانی نەخوازراو، ناوبراو سوپاسی هەموو ئەو کەس و لایەنانەشی کرد کە بۆ ڕاپەڕاندن و خزمەتکردنی زانکۆ هاوکار بوون، هەروەک بەڵێنی هەموو هاوکاری و پاڵپشتیيەکی بۆ سەرۆکی نوێی زانکۆی هەڵەبجە دەربڕی.

دواتر سەرۆکی نوێی زانکۆی هەڵەبجە، لە گوتەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد “هەمووان قەرزاری شاری هەڵەبجە و قوربانیدانی هەڵەبجەن” و گوتیشی: دەبێت هەموو کارێک بکرێت بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوە و خزمەتکردنی هەڵەبجە، سوپاسی وه‌زيرى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى و تیمی حکومەتی کرد، بۆ پێدانی متمانەی بوون بە سەرۆکی زانکۆ و ڕوونیشی کردەوە بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیارييه‌تی، ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ خزمەتکردن بە هەڵەبجە و زانکۆی هەڵەبجە ئەنجامی دەدات.

دواتر ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بە گرنگيی کردنەوەی زانکۆ کرد، وەک دەستکەوتێک لە ناوچەکەدا و باسی لە قۆناغەکانی گەشەکردنی زانکۆی هەڵەبجە کرد و ڕایگەیاند: هەمیشە هاوکار و پاڵپشتيی هەر کارێک دەبين کە ببێته‌ هۆی پێشخستنی زانکۆی هەڵەبجە.