Skip to the content

چوارەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتيی دیراساتی كوردی بەڕێوەچوو

بە دروشمی "دووبارە بیركردنەوە لە كوردستان: ناسنامە، سیاسەت و بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێكی ڕاگوزەردا " ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٢ى نيسانى ٢٠٢٥، زانكۆی كوردستان - هەولێر بە هاوبەشی ئينستیتوتی كوردی لە پاریس، چوارەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتيی دیراساتی كوردی، دەستى بە کارەکانى کرد.
كۆنفرانسەکە بە هاوبەشی وەزارەتی خۆێندنی باڵای حكومەتی هەرێم و سه‌نتەری ئاشتی و دیالۆگ و سپۆنسەرى وەزارەتی دەرەوە و و وەزارەتی خوێندنی باڵای فەرەنسا و باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا بەڕێوە دەچێت.
لە گوتەیەکدا ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى؛ سوپاسی ئینستیتیوتی کوردی لە پاریس و زانکۆی کوردستان/ هەولێرى کرد، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەرکی ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانەسەیان لەئەستۆ گرتووە. هەروەها سوپاسی تایبەتی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فەرەنسا و باڵيۆزخانە و کونسەلگەريی گشتيی فەرەنساى کرد، کە ئەرکی پشتیوانیکردن و سپۆنسەرکردنی ئەم کۆنفرانسەیان گرتە ئەستۆ.
وەزیرى خوێندنى باڵا گوتى؛ تەوەری سەرەکيی کۆنفرانسەکەتان لەم قۆناغەی ئێستامان کە گۆڕانکاريی بەرچاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکەمان لەئارادایە، گۆڕانکاریيەکانی سووریا و پرسی ڕۆژاوا، دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە باکوور و ئاڵۆزی و گۆڕانکاریيە سیاسیيەکانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەرفەت و ئاڵنگاريی نوێ لەگەڵ خۆیان دێنن، بۆیە توێژەران و ئەکادیمیستان و زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دەتوانن لەم قۆناغەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت. بۆ ئەمەش دەستخۆشی لێ کردن کە لەم کۆنفرانسەدا گفتوگۆ له‌بارەی زۆر لایەنی دیراساتی کوردی دەکرێت، بە تایبەت هەڵسەنگاندنی ئیدارەی ئۆتۆنۆميی ڕۆژاڤا، پەرەسەندنەکانی بارودۆخی دەستوری کوردستان، بەشداريی خانمان لە کایەی سیاسی، زمان و ئەدەبی کوردی، لایەنی مێژوو جوگرافیا و جیۆپۆلەتیکس، دیاسپۆڕا، پرسی جینۆساید، لایەنی سیاسی و ئاسایش، ژیريی دەستکرد و میتۆدە نوێیەکانی توێژینەوەی زانستی.
وه‌زيرى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى ئاماژەى بەوەش کرد؛ هەرێمی کوردستان نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوەژیان و ئاشتی و ئارامی و گەشەکردنی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیيە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، بەڵام هێشتا کار و ئەرکى زیاترمان لەئەستۆیە، بۆیە گرنگە پێکەوە هاوکاری و هەماهەنگيی زیاتر بکەین. لەو چوارچێوەیەشدا گوتى؛ جێگەی خۆشحاڵیيە کەرتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان گەشەکردنی بەرچاوی بەخۆيه‌وە بینیوە، زانکۆکانمان هەم لە ڕووی ژمارە، هەميش لە ڕووی ژێرخان و توانای زانستی لە گەشەکردنی بەردەوامدان، توانیومانە دەرفەتی یەکسان بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان بڕەخسێنین بۆ خوێندن و پەرەپێدانی تواناکان و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی.
هەر لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى کۆنفرانسدا هەر یەک لە زانا ئیبراهیم، سەرۆکى زانکۆى کوردستان - هەولێر و کەنداڵ نەزان، سەرۆکى ئنستتیوتى کوردى لە پاریس و کونسولى فەرەنسا لە هەرێمى کوردستان، وتەى جیا جیایان پێشکەش کرد.
دواتر پانێڵێک بە ناونیشانى کوردناسى، میراتەکانى ڕابردوو، دیدگه‌کانى داهاتوو، بە بەشداريى هەر یەک لە د. ئەمیر عه‌بدولڕه‌حمان چالى، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و حامیت بۆزارسلان، لە فەرەنسا بەڕێوەچوو. تیشک خرایە سەر هەڵسەنگاندنی وردی ئیدارەی ئۆتۆنۆميی ڕۆژاڤا، پەرەسەندنەكانی بارودۆخی دەستوری هەرێمی كوردستان، زمانی كوردی و پاراستنی كولتووری كوردی، بەئەرشیفكردنی دیجیتاڵی و بووژاندنەوەی ئەدەبی، بەشداريی خانمان لە كایەی سیاسی، ناكۆكی و ڕاگواستن، ڕەوەندی كوردی و ناسیۆنالیزمی ئەودیو سنوورەكان، سیاسەتی دوورەوڵات و دینامیكە ناوخۆییەكانی ڕەوەندی كوردی، ڕێبازە نوێیەكانی توێژینەوە وەكوو بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد و زانستە مرۆییە دیجیتاڵییەكان و دیراساتی كوردی.
جێگەى ئاماژەیە کۆنفرانسەکە ماوەى دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا زیاتر لە ١٠٠ توێژەر و شارەزا لە ٢٧ وڵات و ٥ كیشوەری جیاوازەوە، سەردانی كوردستانیان کردووە و گفتۆگۆی گرنگترین بابەتە هەنوكەییەكانی پەیوەست بە پرسی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دەكەن.