Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژينه‌وه‌ى زانستى پێشوازی لە سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتيى هەرێمى کوردستان كرد

بە مەبەستى گفتوگۆکردن لەبارەى پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانى زانکۆکانی هەرێمى کوردستان و فەرمانبەرانی گریبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى و چەند پرسێکی هاوبەش، کۆبوونەوەى وەزیرى خوێندنى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتيى حکومەتى هەرێم بەڕێوەچوو.
ڕۆژى سێشەممە ٢٩ى نيسانى ٢٠٢٥، ئارام محه‌مه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، پێشوازی لە سیراج بارزانى، سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى كرد.
لە دەستپێکدا ئارام محه‌مه‌د قادر کورتەیەکى لەبارەى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوولا پێشکەش کرد، کە بریتى بوون لە دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر ئاستى بەش و کۆلێژەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان.
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد کە ده‌مانه‌وێت پێکەوە هەماهەنگی بکەین بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کاری شایستە بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان و سوود لە توانایان وەربگرین بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات و ڕێگر بین لە کۆچی هزر و تواناکانی گەنجان کە گرنگترین سەرمایەی وڵاتەکەمانن. هەروەها دووپاتی کردەوە کە دەرچووە سێ یەکەمەکان کەسانی بەتوانای وڵاتەکەمانن، هەموو ژیان و سەرمایەی خۆیان بۆ گەشەپێدانی لایەنی زانستی و ئەکادیمی تەرخان کردووە، بۆیە شایەنی دامەزراندن و ڕەخساندنی هەلی کاری شایستە و سەقامگیريی ئابوورین.
لاى خۆشییەوە سەرۆکى ئەنجومەنى ڕاژە دووپاتی کردەوە لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەماهەنگ و هاوکارین بۆ کۆى پرسە گرنگەکانى پەیوەست بە دامەزراندنى سێ یەکەمەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا بە ئامادەکردنى کۆنووسێکى هاوبەش لەنێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئەنجومەنى ڕاژەى گشتى، تیایدا ئاماژە بە پێويستيى دامەزراندنى سێ یەکەمەکان و پێویستیان لە دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بخرێتە ڕوو، دواتر لە ڕێگەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانه‌وه‌ ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان بکرێت، بۆ ئەوەى بودجەى پێویست بۆ دامەزراندنیان تەرخان بکرێت.